كاتی گونجاو بۆ خواردنی میوە
میوە سەرچاوەی دەوڵەمندن بە ڤیتامین و كانزا و ریشاڵە، لەگەڵ ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants كە سوودی تەندروستیی زۆر گرنگیان هەیە، بۆیە رۆژانە خواردنی بڕێكی باشی میوەی جۆراجۆر، هەنگاوێكی سەلمێنراوە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، نەخۆشییەكانی پوك و ددان، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن، هەوكردن، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە، زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، هەروەها شێرپەنجە. لەوانەیە بپرسیت كە ئایا كاتێكی گونجاو هەیە بۆ خواردنی میوە بۆ ئەوەی كە هەموو سوودەكان بە لەش بگەیەنێت و نەبێتە ئەگەری هیچ زیانێكی لابەلا بۆ كۆئەندامی هەرس، یان تەندروستی بەگشتی؟ هەندێك سەرچاوە وای بۆ دەچن كە خواردنی میوە لەسەر گەدەی بەتاڵ، یان پێش نووستن سوودی باشتری دەبێت، هەندێكی دیكە پێیان وایە كە خواردنی میوە كاتی بەیانییان باشترە بۆ تەندروستی، كەچی هەندێك سەرچاوەی پێیان باشە كە میوە پاش ژەمی خۆراك بخورێت باشترە، چونكە میوە رێژەیەكی باشی ریشاڵ لەخۆ دەگرێت كە لەسەرخۆ هەرس دەبێت، ئەمەش هاندەرە بۆ هەستكردن بە تێربوون بۆ ماوەیەكی زۆر، واتە هەنگاوێكە بۆ رێگرتن لە زیاد خواردن و زیادبوونی كێشی لەش. لە راستیدا زانا و پسپۆرانی تەندروستی لەسەر ئەمە بە تەواوی كۆكن كە كاتێكی دیاریكراو و گونجاو نییە بۆ خواردنی میوە بەمەبەستی وەرگرتنی سوودی تەواو، لە كەسانی تەندروستدا دەتوانرێت كە میوە لە هەر كاتێكدا بخورێت، بەڵام بە بڕی مامناوەندی.
