ئیتان گیلبوا پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی بار-ئیلان بۆ گوڵان: جۆ بایدن زۆر پەرۆشە ڕێككەوتنێك لە بارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە ئەنجام بدات

ئیتان گیلبوا  پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی بار-ئیلان بۆ گوڵان:     جۆ بایدن زۆر پەرۆشە ڕێككەوتنێك لە بارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە ئەنجام بدات

ئیتان گیلبوا پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی بار-ئیلان. توێژەری باڵایە لە سەنتەری بێگن- سادات بۆ دیراساتی ستراتیژی. چەندین كتێب و توێژینەوەی نووسیوە لە بارەی دیپلۆماسییەتی گشتی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئیتان گیلبوا لە چەندین زانكۆی ئەمریكی و ئەوروپی وانەبێژ بووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە ڕەوشی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتوووەكان لە ئاست ئەم ناوچەیەدا و، بە تایبەتی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران.

 

* چۆن لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆسەی گفتوگۆی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، كە هەروەك ئاشكرایە لە ئێستادا ئەمە بووەتە پرسێك كە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا بایەخ و گرنگییەكی زۆری پێ دەدات و، كات و كۆششەكانی لە پێناویدا چڕكردووەتەوە؟

- لە ڕاستیدا دوو بەرەوپێشچوونی سەرەكی هەبوو لە پەیوەندی بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، ئەوە بوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جۆ بایدن ڕایگەیاند كە بڕیاری داوە سوپای پاسداران لە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان دەر نەهێنێت، كە ئەمە داواكارییەكی ئێران بوو و پێداگری لەسەر دەكرد، ئەوەی دووەمیان وتارێك بوو كە چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵد بڵاو بووەوە، كە پێش 20 ساڵ ئێران توانیویەتی ڕۆبچێتە نێو ئاژانسی وزەی ئەتۆمی و تۆمار و بەڵگەنامە بەدەست بهێنێت لە بارەی پشكنینەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە خاڵی یەكەم، یان بەرەوپێشچوونی یەكەمەوە، ئەوا پێ دەچێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هەموو شتێكیان یەكلا كردبێتەوە سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران و تاقە بەربەست و كۆسپێك مابێت لە ڕێیاندا، پرسی پەیوەست بە سوپای پاسدارانە، لەم ڕووەوە ئەمریكا پێشنیار و ڕێگەچارەیەكی خستەڕوو، ئەویش جیاكردنەوەی (سوپای پاسداران و هێزی ئەلقودس)ـە، واتە لەم ڕووەوە سوپای پاسداران لە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكاندا دەربهێنێت، بەڵام نەك هێزی ئەلقودس، بەڵام تاوەكو ئەم ساتەوەختە ئێران وەڵامی ئەم پێشنیار و ڕێگاچارەیەی نەداوەتەوە و، لەم ڕووەوە دەكرێت بڵێین هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی گفتوگۆكانەوە لە ڤیەننا، ڕوون نەبوو كە ئێران چی دەوێت، واتە لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئێران دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 كە ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی باراك ئۆباما و وڵاتانی دیكە واژۆیان كرد، یان تەنیا دەیەوێت كات بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بە خێرایی كار بكات بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی و، لەم ڕووەوە سوود وەربگرێت لەم كاتە. پێم وایە ئیدارەی سەرۆك بایدن ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە دوا دەرفەتە لەبەردەم ئێراندا و ئیدارەی ئەمریكا بڕیاری پەیوەست بە سوپای پاسداران ناگۆڕێت، یان هەڵیناوەشێنێتەوە، چونكە ئەم بڕیارە بەشێكی پەیوەست نەبوو بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە، یان با بڵێین ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2015 لە بارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، كەواتە ئەم ئیدارەیە بە ئێران دەڵێت، یان ئەوەتا پابەندە بە ڕێككەوتنەكەوە، یان لێیگەڕێ و دەستی لێ هەڵبگرە.

* بەڵام هەروەك ئاشكرایە یەكێك لە كارنامە سەرەكییەكانی ئەم ئیدارەیە ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتی بوو لە گەیشتن بە ڕێككەوتنێك لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، یان گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنەكەی پێشوو، بۆچی پێت وایە لە ئێستادا ئیدارەی ئەمریكا ئامادە نییە هەندێ لە هەڵوێست و بڕیارەكانی لە پێناو گەیشتن بە ڕێككەوتندا بگۆڕێت؟

- لە ڕاستیدا دوو هۆكار هەبوون بۆ ئەم هەڵوێستەی ئیدارەی سەرۆك بایدن، یەكەمیان بریتی بوو لە گوشاری ناوخۆیی لە وڵاتەكەدا، بۆ نموونە هەر 50 ئەندامەكەی ئەنجومەنی پیران لە حزبی كۆماری، هەروەها 16 ئەندامی ئەم ئەنجومەنە لە حزبی دیموكراتەكان، لە نێویاندا سەرۆكی ئەنجومەنی پەیوندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، نامەیەكیان بۆ سەرۆك بایدن نووسی و بەرهەڵستی و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی دژی هەر گۆڕینێكی بڕیارەكەی پەیوەست بە سوپای پاسدارانەوە و، داوایان كرد كە دەستێوەردان و دەستڕۆیشتووییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا بكرێنە بەشێك لە هەر ڕێككەوتنێكی نوێ، كەواتە نزیكەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران بە سەرۆك بایدن دەڵێن كە لە ڕەوتی گفتوگۆكان لە پەیوەندی بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە ڕازین، هەروەها گوشار و ناڕەزاییەكی دەرەكیش هەبوو لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بە تایبەتی لە ئیسرائیل و تێكڕای وڵاتە عەرەبییە سوننەكانەوە، كە داوایان لێ كردووە بایدن هەڵوێستێكی توندی لە ئاست سوپای پاسداراندا هەبێت، ئەویش لەبەر ئەوەی سوپای پاسداران زۆرێك لە ئابووریی ئێرانی كۆنتڕۆڵ كردووە، واتە تەنیا هێزێكی سەربازی نین، بەڵكو بەرژەوەندیی ئابووریشیان هەیە و گۆڕینی بڕیاری پەیوەست بەم هێزەش دەبێتەهۆی ئەوەی بتوانێت توندتر كۆنتڕۆڵی ئابووریی ئێران بكات، هەروەها ئەو وتارەی لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاوكرایەوە- كە پێشتر ئاماژەمان پێ كرد- جێی هەڵوەستە لەسەر كردنە، چونكە ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییە سوننەكان باسیان لەوە كردووە كە ئێران پابەند نەبووە بە ڕێكار و مەرجەكانی پشكنینەوە، كە لە نێو ڕێككەوتننامەكەی ساڵی 2015دا جێگیر كرابوون و چەسپێندرابوون، بە چەشنێك ئێران پێشتر زانیویەتی پشكنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕوو دەكەنە چ دامەزراوەیەكی ئەتۆمی و پشكنین بۆ چ كەرەسەتەیەك دەكەن، ئەمەش دەرفەتی پێ داون بۆ ئەوەی خۆیان بەر لە هەر پشكنینێك ئامادە بكەن، كە پێم وایە ئەمەش كاریگەریی دەبێت لەسەر ڕەوتی گفتوگۆكان. هەروەها بڕیارە ڕۆبێرت مالی نێردەری تایبەتی ئیدارەی سەرۆك بایدن بۆ گفتوگۆكان لەگەڵ ئێراندا ئامادە بێت لە بەردەم كۆنگرێسی ئەمریكا- لە ئەنجومەنی پیران- و لەسەر ڕەوش و ڕەوتی گفتوگۆكان ڕوونكردنەوە بدات.

* یەكێك لە پەرەسەندنەكان كە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، بریتییە لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، كە ئاشكرایە كاریگەری و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە لە تێكڕای جیهاندا ڕەنگی داوەتەوە، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێوە چۆن لە دەرئەنجامەكانی دەڕوانن لەم ناوچەیەدا و، ئایا هۆكاری پەرۆشبوونی ئەم ئیدارەیە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك لە بارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەوە هیچ پەیوەندییەكی بەم شەڕەوە هەیە؟

- لە ڕاستیدا دەبێت ئەوە دووپات بكەینەوە كە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن زۆر پەرۆشە ڕێككەوتنێك لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە ئەنجام بدات، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ناتوانێت لە یەك كاتدا ئیدارەی دوو قەیران و تەنگژە بكات، لە ئێستادا كات و كۆششەكە، یان با بڵێین ئەولەوییەتەكە تەرخان كراوە بۆ بایەخدان بە شەڕی ئۆكرانیا، خاڵی دووەم ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان لە وڵاتانی ئەوروپا خوازیاری ئەوەن كە نەوت و غازی ئێران بكەنە جێگرەوە و بەدیلێك بۆ نەوت و غازی ڕووسیا، كەواتە ئەمانە هۆكاری پەرۆشیی ئەم ئیدارەیەن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2015، ئەگەرچی ئەم ڕێككەوتنە چەندین خاڵی لاواز و كەموكوڕی لەخۆ دەگرت.

* چۆن لە پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڕوانیت، بە تایبەتی كە باس لەوە دەكرێت سەرۆكی ئەمریكا سەردانی ئیسرائیل دەكات، ئایا پێت وایە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە چۆنە و ئەم سەردانەش چ پەیامێكی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە؟

- لە ئێستادا پەیوەندییەكی باش لە نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەیە و، ناو بە ناو سەرۆكی ئەمریكا سەردانی ئیسرائیل دەكات، پێشتریش جۆ بایدن- وەك جێگیری سەرۆكی ئەمریكا لە ئیدارەی باراك ئۆبامادا- دوو جار سەردانی ئیسرائیلی كرد، ئەم سەردانەش چەند پەیامێك لەخۆ دەگرێت، یەكەمیان ئەوەیە كە پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا لە ئاستێكی باشدایە، دووەمیان ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستبەرداری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت و لێی ناكشێتەوە، هەروەها پەیامێكە بۆ وڵاتە عەرەبییە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، كە ئەمریكا كاریان لەگەڵ دەكات لە دژی هەڕەشە و مەترسییەكی ناوخۆیی، یان دەرەكی، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە سەردانەكەی بایدن ببێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی حكومەتەكەی ئێستای ئیسرائیل، دواتر دەبێت ئەوەش لە یاد نەكەین كە ئەمە پەیوەندی بە بەرەوپێشچوونی ناوخۆیی ئەمریكاشەوە هەیە، چونكە هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس بەڕێوەن و بایدنیش لە پێگەیەكی باشدا نییە، بۆی هەیە سەردانەكەی هاوكاری بن بۆ ئەوەی كەسان و بزووتنەوەكانی پشتیوانكار لە ئیسرائیل هاوكاری بن لەو هەڵبژاردنانەدا، كەواتە دەیەوێت بەم سەردانەی بۆ ئیسرائیل ئامانجی ناوخۆیی و دەرەكی بپێكێت.

 

Top