ئایا بە خواردنەوەی ئاو شەكری خوێن دادەبەزێت؟
لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاوی رۆژانە، لەوانەیە كە تووشبووانی شەكرە بپارێزێت لە بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن. خواردنەوەی ئاو لە پێش ژەمی بەیانی، ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت، یان بەلای كەم رێگە لە بەرزبوونەوەی دەگرێت. ئاو هیچ كاربۆهیدرات و وزە لەخۆناگرێت، بۆیە زۆر گونجاوە بۆ نەخۆشانی شەكرە بەمەبەستی زیاتر كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن. ئەوە روونە كە نەخۆشانی شەكرە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، پێویستییان بە بڕی زیاتری شلە هەیە لە رێگەی هاندانی گورچیلەكان بۆ دەردانی بڕی زیادی شەكری خوێن، ئاماژە بەوەش كراوە كە كەمبوونەوەی شلەی لەش Dehydration هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ڤازۆپرێسین Vasopressin كە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن زیاد دەكات، لێرەدا بە زیاد خواردنەوەی ئاو ئاستی ئەم هۆرمۆنەش دادەبەزێت، رۆژانە خواردنەوەی زیاتر لە یەك لیتر ئاو ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن تا رێژەی 28% كەم دەكاتەوە.
