سەربوردەی دامەزراندنی كەناڵی نێوخۆیی كوردستان و سەتەلایتی كوردستان تیڤی
ئیبراهیم حەكیم (هونەرمەند)
كەناڵی نێوخۆیی كوردستان
من وەك هونەرمەندێكی كوردستان لەگەڵ خوالێخۆشبوو بارزان مەلا خالید و كاك جەبار حاجی لە لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووینەوە بۆ دامەزراندنی تەلەفزیۆنی نێوخۆیی كوردستان تیڤی، ئاگاداری ئەوە بووین كە فاروق باداوەیی ئامێرێكی لە كەركووك هێناوە، بۆیە لە بەرواری 24/4/1992پەیوەندیمان پێوە كرد، دوای وەرگرتنی ئامێرەكە، لە نهۆمی سەرەوەی بارەگای لقی دوو تەلەفزیۆنەكەمان دامەزراند، بەناوی تەلەفزیۆنی كوردستان، دواتر لە 28/4/1992 بۆ یەكەمین جار دەستمان بە پەخش كرد.
لەبەر ئەوەی پەخشی كەناڵەكەمان لاواز بوو، بۆیە ئامێری پەخشكردنەكەمان گواستەوە شیراتۆن، دواتر پەخشەكە بەردەوام بوو تا بەرێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هیچ بەرهەمێكی ئەوتۆمان نەبوو كە بتوانین جەماوەری هەولێر ڕابكێشین، بەڵام لەگەڵ خاڵە بارزان مەلا خالید چووینە ئەرشیفی مەكتەب سەرۆك، فیلمی شەڕی خواكوركمان هێنا، پەخشمان كرد و زمانی ناحەزانی پارتیمان پێ كورت كردەوە، لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا سۆزێكی زۆری جەماوەریمان بۆ پارتی ڕاكێشا.
راستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە خوالێخۆشبوو خاڵە بارزان مەلا خالید و كاك جەبار حاجی ڕۆڵێكی كاریگەریان هەبوو، هەروەها كاك ڕەشاد تەكنیككارێكی بەتوانا بوو، ئەندازەی پەخشەكەی بەرێوەدەبرد، منیش بەڕێوەبەری هونەری بووم، بۆیە پەیوەندیم بە چەند وێنەگرێكی ڤیدیۆییەوە كرد، بەخۆیان و كامیراكانیانەوە هاتن بۆ بەشداری لە بانگەشەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەوانە: (رزگار لەشكری، ئیبراهیم باجەلان، و دلاوەر حەریری) ئەم سێ كامیرامانانە خۆیان و كامێراكانیان ڕۆڵێكی كاریگەرییان هەبوو، لەو كاتە بە كاك بازران مەلا خالیدم گوت كە سالار عوسمان بهێنێ بۆ كاری بێژەری، هەرچەندە لەسەرەتادا لەگەڵ ئەو بۆچوونەی من نەبوو، بەڵام دواجار ڕازی بوو، كاك ئازاد و كاك ئەحمەد وەك بێژەر توانییان ڕۆڵێكی باش ببینن لە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ پاڵێوراوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستاش ئەو ئەرشیفە لەلایەن كاك ڕەشادەوە پارێزراوە، كە تەكنیككارێكی بەتوانا بوو.
ئەوەی لە تەلەفزیۆن یەكەمین بەیاننامەی دوای هەڵبژاردنی خوێندەوە، خوالێخۆشبوو بارزان مەلا خالید بوو، سەرەتا دەرەنجامەكان 51 بۆ پارتی و 49 بۆ یەكێتی بوو، بەڵام دوای ململانێ و دروستبوونی كێشە دەرەنجامەكە كرا بە فیفتی بە فیفتی، لەبەر ئەوەش بارزانی مەلا خالید خۆی ئامادەنەبوو ئەو گۆڕانكارییە بخوێنێتەوە، بۆیە سالار عوسمان ئەم بەیاننامەی خوێندەوە. ئەوانەی لە گواستنەوەی كەناڵی كوردستان بەشداربوون لە بارەگای لقی دووەوە تا شیراتۆن، بریتی بوون لە:
1- ڕێبوار یەڵدا
2- دكتۆر حەمید ئاكرەیی: تەكنیككار
3- ئەندازیار ئەحمەد: تەكنیككار
4- نەوزاد هادی: تەكنیككار
5- عەلی كەژۆ: تەكنیككار
6- ئیبراهیم حەكیم: هونەرمەند
7- ئەنوەر شێخانی: هونەرمەند
8- سەڵاح حەسەن: هونەرمەند
9- ڕزگار لەشكری: وێنەگر
10- ئیبراهیم باجەلان: وێنەگر
11- دلاوەر حەریری: وێنەگر
12- نینۆس وێنەگری جەنابی سەرۆك
دواتر بێژەرە سەرەكییەكان دەستبەكار بوون، كە بریتی بوون لە: سالار عوسمان، ئەحمەد و كچێكیش كە ئێستا ناوەكەیم بیر نەماوە.
دواتر من و هونەرمەندان سەلام كۆیی و ئەنوەر شێخانی و سەڵاح محەمەد علی و موئەیەد فەقێ و عەباس لەشكری، بەرنامەیەكی ڕەخنەئامێزمان ئامادە كرد بەناوی بەرنامەی (ئاوێنە) كە هەموو هەفتەیەك پەخش دەكرا و، جەماوەرێكی زۆری لە سەرتاسەری كوردستان هەبوو. دواتر كەناڵەكە فراوانكرا، هونەرمەند ئییسماعیل جومعە بەرنامەیەكی هونەریی هەبوو، ئیسماعیل گەیلانی و تۆفیق شێخانی بوون بە بێژەری عەرەبی، پاشان سەردار خۆشناو هاتە نێو بێژەرەكان، نەسرەت هادی بوو بە بێژەری كرمانجی، ناتوانم هەموو ناوەكان لێرەدا ڕێز بكەم، چونكە هەمووانم لەبیر نەماوە، بۆیە داوای لێبوردن لەوانە دەكەم كە ناویان نەهاتووە.
دوای ئەو ماوەیەش ئامێری پەخش لە شیراتۆنیشەوە گوازرایەوە بۆ چیای كۆڕەك، لەم كارەدا ئۆتۆمبێلە بەرازیلییەكەی ئەنوەر شێخانی ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو كە لەگەل كاك نەوزاد هادی زۆر ماندوو بوون، پێیەكیان لە پیرمام بوو و پێیەكیان لە شوێنی پەخش بوو، كە كاك خوالێخۆشبوو عەلی كەژۆ پەخشی دەكرد.
هەیكەلی تەلەفزیۆن بەم شێوەیە دانرا
- ڕێبوار یەڵدا: سەرپەرشتیاری گشتی
- تەحسین دۆڵەمەری: بەڕێوەبەر
- سەڵاح حەسەن: بەڕێوەبەری هونەری
- محەمەد خۆشناو: بەڕێوەبەری نوسینی هەواڵ
- عەلی كەژۆ: بەرپرسی پەخش
- نەوزاد هادی: ئەندازیاری پەخش
- ئەنوەر شێخانی: پرۆگرامەكانی دەبرد بۆ پەخش
- كاك ڕەشاد: تەكنیككار
- دلێر دۆڵەمەری: بەرپرسی ئەمنی
- نەسرەت هادی: بەرپرسی بێژەران
- چەند وێنەگرێكیشیان دامەزراند بۆ ستۆدیۆ.
سەتەلایتی كوردستان تیڤی
لە 25/11/1998 دوای ئەوەی بڕیاردرا كە چەند بەرهەمێك تۆمار بكەین، كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا لەلایەن هاوتا ئەسعەد و ئیبراهیم حەكیم و جیهانبەخش كۆیی، كە تیپێك دابمەزرێنین بۆنی كوردایەتیەكی تەواوی لێ بێت و ڕەنگدانەوەی خواستی میللەت بێت، سەرەتا چووین بە شوێن موزیكژەن سەید ئەحمەد ڕوازندزیدا، دوای چەند كۆبوونەوەیەك لە ماڵی هاوتا ئەسعەد، (چونكە بەرێزیان لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە ڕاسپێردرابوون) دوای ئەو كۆبوونەوانە تیپێكی هونەری دامەزرا و بەدران حەبیب كرا بە سەرپەرشتیار، هاوتا ئەسعەد جێگری سەرپەرشتیار، ئیبراهیم حەكیم جێبەجێكاری هونەری، لەگەڵ جیهانبەخش كۆیی، لە 13/12/1998 دەست كرا بە تۆماركردنی چەند گۆرانییەك و ڕەوانەی پەخش كرا لە هۆڵەندا.
گرووپی موزیكی سەتەلایتی كوردستان لەمانەی خوارەوە پێكهاتبوو!
- سەید ئەحمەد ڕواندزی: سەرۆكی تیپ
- فەرهاد محەمەد صالح: كەمان
- ئاراس كۆیی: عوود
- نایف شێخانی: عوود
- زانا ئەنوەر: قانوون
- عوسمان دەروێش: بزق
- سۆران عەبدولخالق: بزق
- بەكر خالید: چەلۆ
- ڕەحیم باڵەبان: باڵەبان
- ڕێبین جمال:كلارنێت
- گۆران محەمەد: دەف
لە 13/12/1998 تیپی هونەری توانیبووی 53 بەرهەم تۆمار بكات، ئەو كاتە سەرپەرشتیاری تیڤی بارز بارزانی بوو لەگەڵ بەدران حەبیب، هاوتا ئەسعەد بەرێوەبەری بەرهەم و، ئیبراهیم حەكیم سەرپەرشتیاری بەرهەم، لەگەل جیهانبەخش كۆیی، سەرەتا بە كامیرای تەلەفزیۆنی گوڵان بەرهەمەكان تۆمار كران، ناسر حەسەن و سەڵاح حەسەن كاری دەرهێنانیان بۆ ئەم بەرهەمانە كرد.
گۆرانی بێژەكان بریتی بوون لە:
عەدنان جمال
خەلیل وەندی
محەمەد ئەحمد
سەڵاح محەمەد
جەبار ئەحمد
خدر خۆشناو
جەلال ئەحمەد
نەجمەدین هەورامی
شكور خەیات
سەیفەدین محەمەد
جەلال پەرێشان
سادق حەریری
نووری گەرمیانی
هاوتا ئەسعەد + هۆزان دەروێش
كاوە ژاژڵەیی
نیزام شكور
سەڵاح محەمەد كۆیی
وەلید دۆسكی
جەلال سەعید
كەریم گوڵانی
عارەب عوسمان
جەعفەر سەلیم
پەروین شازادە
حەسەن سیساوەیی
ڕەحمان قوربانی
ئاوات هەورامی
ئیسماعیل قوربانی
عەبدوڵا دڵسۆز
سدیق عوسمان
ئەبوزێد
هەڤاڵ حاجی
دواتر تیپی مۆسیقای هونەرمەندانی دهۆك، میوانی تیپی موسیقای سەتەلایتی كوردستان بوون و، لە 17/12/1998 چەند بەرهەمێكیان تۆماركرد، كە هونەرمەندەكان بریتی بوون لە:
- سەمیر زاخۆیی
- ئیسماعیل جومعە
- حاجی زاخۆیی
- سەمیر سدیق
- بڵند ئیبراهیم
لە 19/12/1998 تیپی هونەرە میللییەكان سێ تابلۆی هەڵپەركێیان لەگەڵ گۆرانیبێژان خوالێخۆشبوو جەلال سەعید و نیزام شكور تۆمار كرد.
