ژنێك و منداڵەکەی لە هێرشی فیلێكدا گیانیان لەدەستدا

ژنێك و منداڵەکەی لە هێرشی فیلێكدا گیانیان لەدەستدا

 

 

 

بەرپرسانی پاركی زیمبابۆی ڕایانگەیاند: كە ژنێك و منداڵە سێ مانگییەكەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆمەڵێك فیل كەوتنە ژێر قاچی فیلێك و دەست بەجێ گیانیان لەدەستدا.

ئەو ژنە تەمەن 23 ساڵە کە لەگەڵ منداڵەكەی بەرەو ناوچەی لادێی چیپینگ بەڕێکەوتبوو، بۆ بینینی خزمانی لە شەوی سەری ساڵدا، لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە ڕووبەڕووی كۆمەڵێك فیل بوویەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پاركەكانی زیمبابۆی لەم بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای گوت: دوای ئەوەی ژنەکە ڕووبەڕووی فیلەکان بووەوە، لەناکاو یەکێکیان هێرشی کردە سەرخۆی و منداڵەکەی و ژێر قاچی خستن و هەردووكیانی كوشت.

فرانس پرێس لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند: کە گەشەی دانیشتوان لە لادێیەكی زیمبابۆی هاوسەنگیی ژیانی مرۆڤی لەگەڵ گیانداران تێکداوە و ڕووداوی هاوشێوەی لێکەوتووەتەوە.

بەوتەی بەرپرسانی پارکە نیشتیمانییەکانی زیمبابۆی، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا 40 هاووڵاتی لەو جۆرە ڕووداوانە گیانیان لەدەستداوە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top