مێگان فۆكس: وەرگرتن و بیستنی بیروڕای هەڕەمەكیی خەڵك كارێكی زۆر زەحمەتە
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئێستا بوونەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی خەڵك بیروڕاكانی خۆیان دەرببڕن، بەتایبەتی هونەرمەندان و كەسایەتییە ناسراوەكان، تا بە باشترین هۆكاری دەزانن بۆ ئەوەی بە كورتترین وشە و لە كەمترین كاتدا پەیامەكانی خۆیان بە زۆرترین جەماوەر و هەوادارانی خۆیان ڕابگەیەنن، كەچی خانمە ئەكتەری ناسراو مێگان فۆكس بە ئاشكرا دەڵێت من زۆر دوورم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە.
مێگان فۆكس دەربارەی هۆكاری دووركەوتنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێت: «هۆكاری دووركەوتنەوەم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆر ڕقم لێیەتی، چونكە شێوازی وەرگرتن و بیستنی بیروڕای هەڕەمەكیی خەڵك كارێكی زۆر زەحمەتە»، هەروەها دەڵێت: «من زۆر گرنگی بە ڕای خەڵك نادەم، چونكە هەر كەسێك سەبارەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕای تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە پێویستە بتوانیت گرنگی بەو شتانە نەدەیت كە زیان بە هەستت دەگەیەنن و دەبنە هۆی ئەوەی كە متمانەبوونت بەخۆت لاواز ببێت».
ساڵی 2013 مێگان بڕیاریدا كە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر دابخات، هەرچەندە زیاتر لە (250) هەزار كەس لە یەك هەفتەدا سەیری ئەكاوەنتەكەیان كردبوو، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی ئەكاوەنتەكەی دانەخات، لەوبارەشەوە گوتی: « پێنج ڕۆژ لە سەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بووم، بەڵام نازانم سوودی چی بوو»، هەروەها دوای دوو ڕۆژ لە سەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كە 33 ملیۆن كەس چاودێریی دەكەن نووسیبووی: «من ناتوانم لەسەر شتێك بەردەوام بم كە ڕقم لێی بێت».
سەرچاوە: گولولی
