چاوخشاندنێك بە براوەكانی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆكدا
براوەكانی بەشە جۆراوجۆرەكانی پێشبڕكێی سینەمای جیهان و بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «دهۆك» دیاریكران
ڕێوڕەسمی كۆتایی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «دهۆك» بە یادی سینەماكاری نەمری كورد «یەڵماز گۆنای» دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی «چڵە خورمای» فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «كان»ی فەڕەنسای ساڵی(1982) بە ئامادەبوونی دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر سەرۆكی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك، شەوكەت ئەمین كوركی دەرهێنەری هونەری ئەم فێستیڤاڵە، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی سینەمای جیهان و بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی و، سینەماكارانی بەشداربووی فێستیڤاڵەكە و هۆگرانی هونەریسینەما، لە هۆڵی «كۆنگرە»ی زانكۆی دهۆك بەڕێوە چوو، براوەكانی بەشە جۆراوجۆرەكان ڕاگەیاندران و خەڵاتی زێڕینی «گەڵای مێو» و خەڵاتی زیوینی «گەڵای مێو»ی فێستیڤاڵەكە و، بۆردی فەخری و هەروەها خەڵاتی نەتینە بەسەریاندا دابەش كرا.
بەشی پێشبڕكێی سینەمای جیهان
ئەندامانی لێژنەی دادوەریی بەشی پێشبڕكێی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك» كە بریتی بوون لە: سدیق بەرمەك دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئەفغانستان سەرۆكی لێژنەی دادوەران و، فەیاز دۆمان ئەكتەر لە توركیا، حەسەن عەلی دەرهێنەر لە هەرێمی كوردستان، هێڤین ئیل سیندی بەڕێوەبەری هونەری لە وڵاتی ئەڵمانیا و موهەنەد حەیال دەرهێنەر لە عێراق، دەنگەكانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
- خەڵاتی «یەڵماز گۆنای بە فیلمی سینەمایی ژیان لە دەرهێنانی سوهەیلا شۆنك لە وڵاتی ئەڵمانیا بەخشرا.
- خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش بە فیلمی سینەمایی نامۆ لە دەرهێنانی نادر ساعی وەر لە ئێران بەخشرا.
بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردیی ئەم فێستیڤاڵە كە بریتی بوون لە: حوسێن تەباك سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە وڵاتی ئەڵمانیا و سەرۆكی لێژنەی دادوەران، دیرك شێفێر دەرهێنەر و مونتێر لە وڵاتی ئەڵمانیا، ئێلیس وان ماركە بڵاوكەرەوە و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ڕۆمانیا، سالم سەڵەوات دەرهێنەر لە ئێران، خاتوو زوبێدە بۆلۆت ئەكتەر لە توركیا، دەنگەكانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
- خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە ئەرسەلان ئەمیری بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی زاڵاوا لە ئێران بەخشرا.
- خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاو بە نەوید پوورفەرەج بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمی سینەمایی زاڵاوا لە ئێران بەخشرا.
- خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەت بە خاتوو مریەم بووبانی بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی عەماوەندی عەلی و زەین لە ئێران بەخشرا.
- خەڵاتی باشترین فیلم بە فیلمی سینەمایی سدیق و پڵنگ لە دەرهێنانی رۆبێر دۆسكی لە وڵاتی هۆڵەندا بەخشرا.
- خەڵاتی باشترین سیناریۆ بە فیلمی سینەمایی پارێزەریی برا لە نووسینی هاوبەشی گوڵستان ئاكێت و فەرید كاراهان لە توركیا بەخشرا.
- خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش بە هەڵۆ ڕامشتی ئەكتەری فیلمی سینەمایی نیشتمانی پیس لە هەرێمی كوردستان بەخشرا.
بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلم
ئەندامانی لێژنەی دادوەریی بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك كە بریتی بوون لە: كامیلا لارسۆن بەڕێوەبەری سندووقی نوێی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵی فیلمی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید و سەرۆكی لێژنەی دادوەران، ئاپۆ بازیدی دەرهێنەر لە توركیا، زەهرا غەندوور ئەكتەر لە عێراق، دەنگەكانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
- خەڵاتی باشترین فیلمی كوردی بە كورتە فیلمی حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس لە دەرهێنانی پەروێز ڕۆستەمی لە ئێران بەخشرا.
- خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی بە كورتە فیلمی ڕیكۆردی گەورەی ئیستانبووڵ لە دەرهێنانی زەینەب دیلان سۆرێن لە توركیا بەخشرا.
- خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەراییش بە كورتە فیلمی بێدەنگ لە دەرهێنانی بڕوا وەهاپور لە ئێران بەخشرا.
بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلم:
ئەندامانی لێژنەی دادوەریی بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلمی ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك كە بریتی بوون لە: تەڵاڵ دێركی دەرهێنەر لە ڕۆژئاوا، خاتوو باوی یاسین دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی بەلجیكا و شەماڵ سەبر بەرهەمهێنەری سەربەخۆ و بەرپرسی نووسینگەی ئەنستیتۆی ئەڵمانی «گۆتە» لە هەرێمی كوردستان، دەنگەكانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
- خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی كوردی بە فیلمی دیكۆمێنتی نانی پیرۆز لە دەرهێنانی ڕەوانشاد «رەحیم زەبیحی» و لە بەرهەمهێنانی «توورەج ئەسڵانی» لە ئێران بەخشرا.
- خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی بە فیلمی دیكۆمێنتی ئەوبەری ڕووبار لە دەرهێنانی ئانتۆنیا كیلیان، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و فینلەندا پێشكەش كرا.
خەڵاتی فیپێڕشی:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرایی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕخنەگرانی فیلم «فیپێڕشی» ئەم فێستیڤاڵە، كە بریتی بوون لە: دكتۆر یەڵماز ئۆزدیل ڕخنەگری سینەما و مامۆستای زانكۆ لە توركیا، هینك بوڤێكێرك ڕۆژنامەنووسی سینەمایی لە وڵاتی هۆڵەندا و ئیكسێل تیمۆ پوور سەرنووسەر لە وڵاتی ئەفریقای باشوور،
خەڵاتی فیپێڕشیان بە فیلمی سینەمایی زەماوەندی عەلی و زەین لە دەرهێنانی محەمەد عەلی كۆنار لە توركیا پێشكەش كرد.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «دهۆك» ئەندامی باوەڕپێكراوی ڕێوڕەسمی پێشكەشكردنی خەڵاتەكانی سكرین «ئاسیا پەسیفیك» ناسراو بە «ئۆسكاری ئاسیا» لە وڵاتی ئۆستوڕالیایە و لە ئاستی وڵاتی عێراقدا بەرهەمە سینەمایی و بەڵگەفیلمەكان بەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە دەناسێنێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «دهۆك» بە سەرۆكایەتی ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر و دەرهێنانی هونەری «شەوكەت ئەمین كوركی» بە یادی سینەماكاری هەرمانی كورد «یەڵماز گۆنای دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی «چڵە خورمای» فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «كان»ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردی پەیوەندیی نێوان دەرهێنەرە كوردەكان و سینەماكارانی سەرتاسەری جیهان و، هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی كولتووریی نێوان نەتەوەكانی دنیا دامەزراوە.
هەشتەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە، بە نمایشی 94 بەرهەم، لە چوارچێوەی فیلمە بڵندە سینەماییەكان، كورتە فیلم و بەڵگەفیلمەكان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی لەوانە: بەشی پێشبڕكێی «سینەمای جیهان»، واتە: 9 فیلمی بڵندی سینەمایی، 5 بەڵگەفیلم و 9 كورتە فیلم، بەشی پێشبڕكێی «سینەمای كوردی»، واتە: 6 فیلمی بڵندی سینەمایی، 6 بەڵگەفیلم و 12 كورتە فیلم، بەشی «ڕوانینێك بە سینەمای جیهان»، واتە: 8 فیلمی بڵندی سینەمایی، 4 بەڵگەفیلم و 7 كورتە فیلم، بەشی «پانۆڕامای سینەمای كوردی»،
واتە: 17 كورتە فیلم، بەشی «نمایشی تایبەت بە سینەمای ئەفغانستان» 8 فیلمی بڵندی سینەمایی و هەروەها بەشی «نمایشی تایبەت بە سینەمای كوردستان» 4 فیلمی بڵندی سینەمایی لە شاری دهۆك لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
