هونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) كۆچی دوایی كرد
هونەرمەندی ناوداری كوردستان (زرار محەمەد مستەفا) كۆچی دوایی كرد .
هونەرمەند زرار محەمەد مستەفا یەكێكە لە هونەرمەندە دیارەكانی شاری ڕەواندز لە ساڵی 1937 لە بنەماڵەیەكی دیاری ئەو شارە هاتووەتە دونیاوە, چەندین كەس لەسەر دەستی ئەم هونەرمەندە فێری موزیكژەنی بوون و هاتنە نێو هونەری موزیكی كوردی, ئەم هونەرمەندە یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی یەكەمین تیپی میوزیكی لە شاری ڕەواندز كە لە ساڵی 1971 بە هاوكاری چەند هاوڕێیەكی ئەو تێپەیان دامەزراند, هەروەها لە ساڵی 1977 تیپی موزیكی (پاشای گەورە)یان دامەراند .
هونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) هەمیشە لە هەوڵی پێشخستی هونەری كوردی بووە لە هەموو بوارەكان و مامۆستایەك بووە بۆ فێربوون و پێگەیاندنی ئەو گەنجانەی كە ئەمڕۆ لە فكر و ڕۆشنبیرییەوە بوونە موزیكژەن و ئاوازدنەر, نموونەی هەرە دیاری ئەو كەسانەش (سەید ئەحمەد ڕواندوزی) كە بۆ ماڵئاوایی كردن لەم هونەرمەندە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وێنەیەكی بڵاوكردەوەو بە (مامۆستا گەورە) ناوی دەهێنێت .
ئەم هونەرمەندە زیاتر لە (9) خولی فێربوونی مۆسیقای لە رِواندز و ئەو دەڤەرە کردۆتەوە، وەکو ئەکتەر و دەرهێنەر زیاتر لە (30) شانۆگەری بەشداریکردووە، هەروەها زیاتر لە (8) خولی نیگارکێشی بۆ منداڵان کردۆتەوە و چەندین مەدالیا و برِوانامە و دیاری ڕێزلێنانی لە بواری هونەر و پەروەردەدا پێبەخشراوە, لە ساڵی (2005) لە مەرِاسیمێکدا کە بە بۆنەی (40)ساڵەی خەباتی هونەریی رِێکخرا بوو، پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەند لابرا، كە بەمەش بوو بە یەکەمین هونەرمەندی کورد، کە لە ژیاندابێت و پەکەری هەبێت .
ئاسۆ كاكەیی
