بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر: شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێوەیە
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند كە ئێستا هەموو دامودەزگاكانی تەندروستی هەولێر لەکاركردندان و نەخۆشخانە دیاریکراوەکانی تایبەت بە کۆرۆناش بەردەوامن لە چارەسەركردنی تووشبووانی پەتایی كۆڤید 19، بەڵام دەبێت هاوڵاتییان ئاگاداری هاتنی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا بن كە لەگەڵ ئەوەی ئێستا شەپۆلی سێیەمە كە ڕێژەی تووشبوون بە پەتاكە کەمتر بۆتەوە، گەرچی مەترسی پەتاكەمان لەسەر بەردەوامە جگە لەوەش شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسەكە بەڕێوەیە بۆیە نابێت هاوڵاتییان ڕێكارەكانی خۆپارێزی تەندروستی فەرامۆش بکەن، هاوكات دەبێت ڤاكسین بەهەردوو ژەمەكەیەوە وەربگرن.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو كە پێدانی پێكوتەی دژە کۆرۆنا لە سەرانسەری پارێزگای هەولێر بەردەوامە، هەر هاوڵاتییەك هەردوو ژەمە پێكوتەكەی وەربگرێت ئەوە دەتوانیت داوای کارتی پێكوتە بکات كە وەك بەڵگەی سەلمێنراو بۆ وەرگرتنی پێكوتەكە و تا ئێستاكەش لە سنووری پارێزگای هەولێر 40 هەزار کارتی پێكوتە دروست کراون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
