یادی 34 ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەند(تاهیر تۆفیق) دەكرێتەوە

یادی 34 ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەند(تاهیر تۆفیق) دەكرێتەوە

سبەی چوارشەممە 10/11/2021  لە شارۆچكەی كۆیە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك هونەمەندو موسیزیان یادی 34 ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد(تاهیر تۆفیق)دەكرێتەوە .

ئەم ڕێوڕەسمە كە تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە ئامادەكاری بۆ دەكات, بڕیارە كاتژمێر 3:30ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی سەرۆكایەتی زانكۆی كۆیە سازبكرێت, هەروەها ژمارەیەك هونەرمەندو موسیزیان تێیدا گۆرانی پێشكەش دەكەن, لەوانەش( ڕێبین جەمال- ئازێتا لوقمان-هەڵدێر محێدین-هۆشمەند زاهیر-كارمەند ڕەواندزی- شێروان سلێمان) .

تاهير تۆفیق كە یەكێك بووە لە هونەرمەندە دیارەكانی كورد. لە ساڵی ١٩٢٢ لە شاری کۆیە لە گەڕەکی بەفری قەندی ھاتووەتە دونیاوە, لە تەمەنی ۷ ساڵیدا باوکی بردوویەتی بۆ حوجرەی (مەلای ڕەش) و لەوێ خوێندنی قورئانی تەواو کردووە, ھەر لەوێشەوە فێری ئەلف بێی کوردی و عەرەبی بووە, لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا کە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە بەھرەی گۆرانیبێژیی ھەبووە و مامۆستاکانی ھانیان داوا سروود و گۆرانی بڵێت, لە ساڵانی ١٩٤٢ – ١٩٤٣ بەھۆى گرانى و ھەژارییەوە دەست بەرداری خوێندن دەبێت, لە ساڵی ١٩٤٥ دەچێتە ئێستگەی ڕادیۆی بەغدا حەفتانە بۆ نیو كاتژمێر گۆرانی پێشكەش دەكرد، بۆ یەکەم جاریش گۆرانی (ئەی لە گورێ لە سۆرە گورێ) و بەستەی (کراس زەردێ)ی تۆمارکردووە و بڵاوی کردووەتەوە. تاهیر تۆفیق لە ساڵی ١٩٧٥ ژیانی ھاوسەریی پێکهێنا, ئەم هونەرمەندە  لەسەرەتای ژیانی ھونەریدا کەوتووەتە بەر کاریگەریی گۆرانیبێژە لێھاتووەکانی ئەوسای کۆیە وەک سێوە و مەلا ئەسعەد و سوودێکی زۆریشی لە ھونەرمەند ئەحمەدی ‌حەمە مەلا وەرگرتووە، بەڵام کاتێک کە بازووی ھونەری گۆرانی گوتنی بەھێز بووە، ھەوڵی داوە دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی ھەبێ و لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابووردووەوە بووەتە گۆرانیبێژێکی خاوەن دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی, لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٧ لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد .

ئاسۆ كاكەیی

Top