نایلە ئەلخاجە بۆ گوڵان: هەست دەكەم سینەمای كوردی و ئێرانی زۆر لە یەكترییەوە نزیكن

نایلە ئەلخاجە بۆ گوڵان: هەست دەكەم سینەمای كوردی و ئێرانی زۆر لە یەكترییەوە نزیكن

نایلە ئەلخاجە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسێكی ئیماراتییە و، وەك ئافرەتێك لە سینەمای عەرەبیدا و، لە بواری پیشەسازیی سینەمادا ناوبانگێكی زۆری دەركردووە، بە جورئەتەوە لە فیلمەكانیدا باس لە بابەتی مرۆیی و كۆمەڵایەتی دەكات لە كۆمەڵگای ئیمارات، كامیراكەی خۆی خستۆتە خزمەتی مرۆڤایەتی بە گشتی، لە درفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئەم خانمە هونەرمەندە كرد، بەم شێوەیە وەڵامی گوڵانی دایەوە.

دیمانە: خەلیل بلەیی

* ئەزموونی ئافرەتانی كەنداو لە بواری سینەمادا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

-  سینەما وەك پیشەسازی لە وڵاتانی دیكەی عەرەبیدا پێشكەوتووترە لە وڵاتانی كەنداو، لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو لە میسر ستۆدیۆ كراوەتەوە، بەمەش وەك پیشەسازی دەستیان پێكرد، دواتریش بوو بە بازرگانییەكی سەركەوتوو، ئێمە لە كەنداو هێشتا لە سەرەتاداین، واتە چالاكی و جووڵەی سینەمایی هەیە، بەڵام پیشەسازیمان نییە، ئەگەر پیشەسازییش نەبێت، پیشەكار ئەگەر هەشبن ژمارەیان كەم دەبێت، لە سعودییە، بەحرین و كوێت بەهرەی زۆر هەن، ئەكتەر و سیناریستی بە توانا هەن، بەڵام بەرهەمهێنەرمان كەمە، واتا ئەوانەی تایبەتن بە سینەما، لە سعودیا هەیفا ئەلمەنسور وەك دەرهێنەرێكی بە توانا و لە ئیماراتیش نجوم ئەلغانم وەك شاعیر و دەرهێنەری فیلمی دیكۆمێنتاری دەركەوتوون، بەڵام ئەمانە نەگەیشتوونەتە ئاستی پیشەسازی. بۆ چارەسەر كردنی ئەم گرفتە پێویستمان بە بەرهەمهێنەر هەیە، كە لە پیشەسازی بزانێت و چالاكی بكات، هەروەها پێویستە ئەم هەنگاوە لە سعودییەوە دەست پێ بكات، چونكە حكومەت پاڵپشتییەكی زۆری ئەو بوارە دەكات و، پێموایە لە چەند ساڵی داهاتوودا سعودییە دەبێتە هۆڵیۆدی عەرەب.

نایلە ئەلخاجە بۆ گوڵان: هەست دەكەم سینەمای كوردی و ئێرانی زۆر لە یەكترییەوە نزیكن

* سرووشتی كۆمەڵگەی كەنداو چ كاریگەرییەكی لەسەر ئەزموونی ئافرەتان لە بواری سینەمادا هەبووە؟

-  كۆمەڵگەی ئێمە موحافزكارە، ئەمەش هەندێك جار ماندوومان دەكات، چونكە زۆر شت هەیە پێویستە باسی بكەین، بەڵام رێگەمان پێ نادرێت، بۆ ئەم مەبەسەت من پەنام بردووەتە بەر شتی رەمزی، كە خۆی لە خۆیدا شتێكی جوانە، چونكە زۆر جار كەبتبوون دەبێتە هۆی داهێنانی گەورە، تۆ كە هەموو شتێكت لەبەردەستە رەنگە شتێكی جوانی لێ درووست نەكەیت، بەڵام ئەگەر سنوورێك بۆ خۆت دابنێیت، دەتوانیت لە چوارچێوەی ئەو سنوورەدا داهێنان بكەیت، بێ ئەوەی گرفت درووست بكەیت، بۆیە رەمزم لە چارەسەركردنی بابەتەكان و وێنەگرتنی فیلمە سینەماییەكاندا بەكارهێناوە، بۆ نموونە فیلمی یەكەمم لەبارەی دەستدرێژیكردنە سەر منداڵان بوو، ئەم بابەتە زۆر ترسناكە لە ئیمارات كە من تۆمارم كرد، فیلمی دووەمم لەسەر ژوانی خۆشەویستیی كچە هەرزەكارەكان بوو، ئەمەش بابەتێكی مەترسیدارە كە خەڵاتی زۆری بەدەست هێنا، بەڵام بە گشتی ئێستا كرانەوەیەك هەیە، بەڵگەشم دوایین فیلمی درێژم بوو كە هیچ دەستكاریی نەكرا.

*  لە ماوەی رابردوودا سیناریۆ یەكێك لە گرفتە گەورەكان بوو، تۆ ئەو گرفتەت هەبووە؟

-  سیناریۆ گرنگترین گرفتی من بووە، چونكە سیناریستی زۆرمان نییە، ژمارەیەكمان هەیە، بەڵام ئەمانە هێڵێكی دیاریكراویان هەیە، رەنگە لەگەڵ من نەگونجێت وەك دەرهێنەر، بۆ نموونە بەشێكیان تەنیا لە كۆمیدیا دەنووسن، بەڵام من پێویستم بە فیلمی ترسە، بۆیە بژاردەی زۆرمان نییە، بەپێچەوانەی هۆڵیۆد كە فیلمی ئاست بەرز و نزمیشیان هەیە، چونكە مەبەستیان قازانجی زۆرە، بۆیە دەبینین لەبەر زۆریی بەرهەمهێنان بە گشتی ئاستی هۆڵیۆدیش دابەزیوە، ئێمە لە كەنداو دەتوانین بزوتنەوەیەكی سینەمایی بەرهەم بهێنین كە لە ئاستی جیهانیدا بێت.

نایلە ئەلخاجە بۆ گوڵان: هەست دەكەم سینەمای كوردی و ئێرانی زۆر لە یەكترییەوە نزیكن

* هیچ مەرجت هەیە بۆ هەڵبژاردنی سیناریۆ؟

-  تا ئێستا هیچ سیناریۆیەكم هەڵنەبژاردووە، چونكە من خۆم لەگەڵ چەند سیناریستێكی دیكە سیناریۆكان دەنووسم، من و نووسەرەكە لەسەر سیناریۆیەك كار دەكەین، لە دەرهێناندا من حەزم لە شێوازی هێمنە، كە جۆرێك دڵەڕاوكێی تێدایە و زۆری فیلمەكانم ئالنگاری دەروونییە، ئەمەش پێویستی بەوەیە كە كەسێك بینووسێت و ئەم رۆحییەتەی هەبێت، من سەیری زۆر سیناریۆ دەكەم و كەسێك دیاری دەكەم، بەڵام خۆم سیناریۆكەی لەگەڵی دەنووسم، ئەگەر سیناریستە ئیماراتییەكان بەو شێوازە نەبن كە من دەمەوێت ناچارم لەگەڵ كەسانی دیكە كار بكەم عەرەب بن یان بیانی.

* تا چەند توانیوتە گرفتەكانی كۆمەڵگە لە كارەكانتدا بخەیتە روو؟

-  گشت فیلمەكانم باس لە كاروباری كۆمەڵایەتی دەكەن، جا كەموكوڕی بێت یان نا؟ من هەمیشە باس لە كێشەكانی كۆمەڵگە دەكەم، وەك بەزۆر بەشوودان كە كچەكە پێی رازی نییە، دەستدرێژیی سێكسی، پەیوەندییە بیانییەكان لەگەڵ عەرەب لە ئیمارات و، زۆر بابەتی هەستیار هەن كە بە داڕشتنێكی سینەمایی بە یارمەتی رەمز باسم كردوون، سوپاس بۆ خودا گشت فیلمەكانم سەركەوتوو بوون و هیچ گرفتیان درووست نەكردووە، بەڵام توانییان گفتوگۆی گەرموگوڕ و بەهێز بهێننە ئاراوە، ئەمەش كارێكی جوانە، ئێستا هەوڵ دەدەم چارەسەر و بەرهەمهێنەر بدۆزمەوە، كە باكگراوەندێكی بەهێزیان هەبێت لە پیشەسازیی سینەمادا، بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند مانگی داهاتوودا بە شێوازێكی جوان فیلمی درێژ بەرهەم دەهێنم، تا بتوانم لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا بەشداریی پێ بكەم.

* پەیامت چییە وەك بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر؟

-  هیچ پەیامێكم نییە، تەنیا حەز دەكەم فیلم درووست بكەم و خەڵك پێشوازیی لێ بكەن، بەوەی كە فیلمی راستگۆ بن لە ماناكەیاندا، ئەگەر فیلمەكە چیرۆكێكی مرۆڤایەتی بێت و كاریگەریی لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، ئەوا كارێكی زۆر باشە، هەروەها ئەگەر چیرۆكەكە تەنیا رەهەندی هونەریی هەبێت، ئەمەش كارێكی خراپ نییە.

نایلە ئەلخاجە بۆ گوڵان: هەست دەكەم سینەمای كوردی و ئێرانی زۆر لە یەكترییەوە نزیكن

* چۆن دەتوانین جەماوەر بگەڕێنینەوە و هۆڵەكانی سینەما زیندوو بكەینەوە؟

- ناتوانین هۆڵەكانی سینەما زیندوو بكەینەوە ئەگەر جەماوەر خۆی قەناعەتی بە سینەما نەبێت، بەڵام پێویستمان بە پیشەسازیی سینەما هەیە بە پاڵپشتی حكومەت، لەگەڵ هۆشیاریی وەبەرهێنەران وەك بەرهەمهێنەری بە توانا و تێگەیشتوو لە گرنگیی سینەمادا.

* تەكنۆلۆژیا تا چەند لە دوورخستنەوەی جەماوەر لە سینەما رۆڵی هەبووە؟

- تەكنۆلۆژیا بە گشتی و سۆشیال میدیا بەتایبەتی كاریگەرییەكی نەرێنیی زۆری لەسەر سینەما هەبووە، بەجۆرێك دەتوانین بڵێین هۆكاری مردنی سینەما بوون و، وایانكرد كە بینەر ئەوەندە ئارامیی نەبێت كە چاوەڕێی فیلم بكات، بەڵكو بەدوای ناوەرۆكی خێرا و كورتدا بگەڕێت، نەوەی ئێستا ناتوانێت چاوەڕێی شتێكی هێواش بێت، ئەمەش وایكرد كە جۆرە دابڕانێك لە نێوان سینەماكارە گەورەكان و نەوەی ئێستادا درووست ببێت، هیوادارم ئەم نەوەیە زیاتر هۆشیار بن و خۆیان لەگەڵ كاری درێژ رابهێنن، هەرچەندە من دڵنیام كە تەكنۆلۆژیا یارمەتیدەر نییە بۆ ئەم كارە، پێویستە بگەڕێینەوە دواوە و بزانین سینەمای عەرەبی و بیانی چییان كردووە، بەتایبەتی بابەتە مرۆییەكان، چونكە تەنانەت نەوەی ئێستاش ئەگەر فیلمێكی بینی كە ناوەرۆكەكەی مرۆیی بێت، دەتوانێت سەیری بكات، ئێستا زۆر فیلمی لەو بابەتە هەن، بەڵام تەمەنیان كورتە.

* تائێستا هیچ فیلمێكی كوردیت بینیوە؟

- تا ئێستا یەك فیلمی كوردیم بینیوە، ئەویش فیلمێكی رەش و سپی بوو بە ناوی (كیك ئۆف) لە دەرهێنانی شەوكەت ئەمین كوركی، فیلمەكە باس لە چەند منداڵێكی ئاوارەی سەردەمی سەدام دەكات، كە لە یاریگایەكدا دەژین و زۆر حەز لە یاریی تۆپی پێ دەكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاوارەن ناچار دەبن ئەو شوێنە چۆلأ بكەن، چیرۆكەكە زۆر جوان و كاریگەر بوو، بەشێوەیەكی گشتی دەرهێنەرانی ئیمارات زۆر بە كەمی فیلمی كوردییان بینیوە.

* رات چییە دەربارەی سینەمای كوردی؟

- لەبەر ئەوەی زۆر فیلمی كوردیم نەبینیوە، زۆر زەحمەتە بۆ من كە رای خۆم لەسەر سینەمای كوردی بدەم، پێویستە دە تا پازدە فیلمی كوردی ببینم و شارەزای شێوازی سینەمای كوردی ببم، ئەنجا حوكمی لەسەر بدەم، بەڵام ئەوەی لەو تاكە فیلمە كوردییەدا بینیم و تێبینم كرد، ئەوەیە كە مرۆڤایەتی،سادەیی، رۆحییەت و جوانیی وێنەی تێدایە، كە فیلمە ئێرانییەكانی بیرهێنامەوە، كە هەستم دەكرد لەگەڵ فیلمی كوردی زۆر لە یەكتری نزیكن.

Top