هونەری كوردی بەردەوام دەدزرێت

هونەری كوردی بەردەوام دەدزرێت

هەمیشە هونەرمەندان و ئەكادیمیستانی بواری هونەری كوردی گلەیی ئەوە دەكەن كە هونەر و موزیكی رەسەنی كوردی لەلایەن نەتەوەكانی دیكەوە سوودی لێ بینراوە و، بەناوی نەتەوەو گەلانی دیكەوە بڵاو كراوەتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەكەی بكەن.

بەم دواییانە هونەرمەندی ناسراوی كوردی شەهرام نازری كە ماوەی چەندین ساڵە میدیاكانی ئێران بێ ئەوەی رەزامەندیی ئەویان هەبێت، بەرهەمە هونەرییەكانی بەكار دەهێنن، بۆیە لەم بارەیەوە گوتی: «ماوەی 42 ساڵی بەردەوامە بەبێ ئەوەی ڕەزامەندیی منیان وەرگرتبێ و بەبێ ئەوەی مافی كۆپی ڕایتیان پاراستبێت و بێ ڕەچاوكردنی مافی مادی و مەعنەویم، دەنگ و میوزیكی من بڵاو دەكرێتەوە».

شەهرام نازری پێشتر و لە ساڵی 2016 لەو فێستیڤاڵەی كە خەڵاتی تەندیسی فەرهەنگ و هونەری لە شاری كرماشان پێشكەش كرا، ڕایگەیاند: «ئەگەر میدیای ئێران گۆرانیم بڵاو بكاتەوە، ئەوا من گۆرانی ناڵێم».

شەهرام نازری ساڵی 1949 لە شاری كرماشان لەدایك بووە و لەبەر ئەوەی بنەماڵەكەی لایەنگەری هونەر بوون، هەر لە منداڵییەوە دایكی لەگەڵ شیعر و ئاواز ئاشنای كردووە و، لە زۆربەی بەرهەمەكانیدا كەڵكی لە شێعرەكانی مەولانا وەرگرتووە و، گۆرانییەكانی تێكەڵەیەكە لە شێوەی حیماسی و عیرفانی، بە گوتەی خۆی لە بواری شانامەخوێنیی فارسیدا داهێنانی كردووە، هاوكات چەندین گۆرانیی كوردی و شانامەی كوردیشی چڕیوە، كە دەنگدانەوەی باشی هەبووە.

شەهرام نازری، لە ماوەی زیاتر چوار دەیە كاری هونەریی خۆیدا لە ئاستی ئێران و ناوچەكە و جیهاندا، چەندین خەڵاتی بەرچاوی وەرگرتووە، كە ناسراوترینیان خەڵاتی خەڵاتەكانی (لوژیۆن دۆنۆر و شوالیەی ئەدەب و هونەری)ی فەڕەنسایە كە پێی بەخشراوە.

Top