ئەدیل بە چەند سەعاتێك 10 ملیۆنی كۆكردەوە
بەم دواییە خانمە گۆرانیبێژی بەریتانی (ئەدیل) نوێترین كلیپیی خۆی بە ناوی (Easy on Me) لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە یوتیۆب بڵاوكردەوە و لە ماوەیەكی زۆ كورتدا لە رووی بینینەوە ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد.
ئەلبوومە نوێیكەی ئەدیل بە ناوی (30)ـە و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا گۆرانیی (Easy on Me) زیاتر لە 10 ملیۆن بینەری هەبووە، گۆرانییەكە باس لە خۆشەویستی پێشووی و پەیوەندیی ئەدیل بە كوڕەكەیەوە دەكات.
ئەدیل بە یەكێك لەو گرنگترین گۆرانیبێژانە دادەنرێت، كە خاوەنی بەهرەیەكی راستەقینە و دەنگێكی ناسك و بەهێزە، یەكەم دەركەوتنیشی لە ساڵی 2008 بوو، كاتێك یەكەم ئەلبوومی پێشكەش كرد، كە سەركەوتنێكی بێ وێنەی بەدەستهێنا و دوای بڵاوكردنەوەی بڕی شەش ملیۆنی لێ فرۆشرا، لە لایەكی دیكەوە ئەم ساڵ توانیی خەڵاتی گرامی بەدەست بهێنێت.
ئەم گۆرانییە نوێیەی ئەدیل وەك وەڵامێكە بۆ ئەنجیلۆی كوڕی، سەبارەت بە هۆكاری جیابوونەوەی لەگەڵ سایمۆن كۆنیكیی كۆنە هاوسەری.
لەلایەكی دیكەوە ئەدیل رایگەیاند كە بە هۆی وەرزشی بەردەوام و چارەسەری دەروونییەوە توانیویەتی لەو دڵەڕاوكێیە رزگاری ببێت، كە پێش ماوەیەك تووشی هاتبوو و نزیكەی 45 كیلۆگرامی كێشی دابەزاندووە، هەروەها رەتی كردەوە كە بەنیاز بێت هیچ گەشتێكی هونەری دوای بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكەی ساز بكات، بە هۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆڤید 19.
