چیمەن رەحمانی بۆ گوڵان: تەكنۆلۆژیا بۆ هونەر چەكێكی دوو لایەنەیە لە یەك كاتدا سوود و زیانیشی هەیە
چیمەن ڕەحمانی كە ڕۆڵە و پەروەردەی هونەرمەندی كۆچكردووی كورد (یەدوڵا ڕەحمانی)یە، یەكێكە لە كچە هونەرمەندە بەتواناكان كە بە ڕۆحەوە گۆرانی دەڵێت و، لە كارە هونەرییەكانیدا هەست بە ڕەسەنایەتی دەكرێ و هەوڵی پاراستنی ئەو ڕەسەنایەتییەش دەدات.
ئەم خاتوونە لە تەمەنی شەش ساڵاندا لە دوای باوكیەوە لە بۆنە و ئاهەنگ و سەیرانەكاندا گۆرانییە كۆنەكانی هونەرمەندانی دەگوتەوە، بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا تەمەنی هەژدە ساڵی، ئەو كاتێ وەك هونەرمەندێك دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە، باوكی زۆر هاوكاریی كردووە و هەوڵیداوە پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت، لە هەمان كاتدا زیاتر گرنگی بە گۆرانی و موزیكی ڕەسەنی كوردی بدات.
چیمەن سەبارەت بە كاریگەرییەكانی تەكنۆلۆژیا لەسەر هونەری كوردی دەڵێت: «بەهۆی تەكنەلۆژیاوە دەتوانرێت گۆرانییەكان بەشێوازێكی باشتر و بە كوالێتی زۆرباشەوە تۆمار بكرێت، كە لە هەندێ كاری هونەریدا بەكارهاتووە و سوودی لێ وەرگیراوە، میوزیكژەنەكان دەتوانن زۆر باش سوود لە تەكنەلۆژیای تۆماركردن وەربگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێك شوێندا زیانی بە هونەر و هونەرمەندان گەیاندووە، چونكە بەشێك لەو گەنجانەی دەنگیان خۆش نییە، لەرێگەی تەكنەلۆژیاوە دەستكاریی دەنگیان دەكرێت و ئەداو كاری دیكەی پێ دەكەن، ئەمەش دواجار گۆرانیبێژ تەمبەڵ دەكات و زیاتر پشت بەدەزگا و تەكنەلۆژیا دەبەستێت»، سەبارەت بە سەختیی بژێوی ژیانی هونەرمەندانی كورد، ئەو خانمە هونەرمەندە دەڵێت: «بەداخەوە لە كۆمەڵگای ئێمە و لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا بەبێ جیاوازی، هونەرمەند ناتوانێت بە هونەر بژێوی ژیانی پەیدا بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندی كورد پارەیەكی یەكجار زۆر لە ئەلبوومێكی گۆرانی و كلیپەكانیدا خەرج دەكات، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێكی لە ڕێگەی ئەم ئەلبوومەوە بەدەست بگاتەوە، كەواتە پارەی بژێوی ژیانی خۆشی لەسەر هونەرەكەی دادەنێت، من ئێستا بیر دەكەمەوە، كە ئایا هیچ خانمە هونەرمەندێك هەیە كە لە رێگەی هونەرەیەكەوە بژی، بەداخەوە ئەمە تەنیا لە كۆمەڵگای ئێمەدا وایە، لە كۆمەڵگەكانی دیكەدا بەم شێوەیە نییە».
سەبارەت بە نوێكاری و ستایلی ڕۆژئاوایی لە هونەری كوردیدا چیمەن دەڵێت: «ئێستا بەشێكی زۆر لە گەنجەكانی ڕۆژهەڵات زیاتر گوێ لە گۆرانیی مۆدێرن دەگرن، زیاتر حەزیان لەم ستایلە نوێیانەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە ئیدی دەستیان لە میوزیكی و گۆرانیی ڕەسەن هەڵگرتووە، چونكە میوزیك و گۆرانیی ڕەسەن سەروەتێكی نیشتمانییە و دەبێت دەستی پێوە بگرین، گۆرانیی ڕەسەن سیمبوڵی نەتەوەیە، گۆرانیی ڕەسەن دەبێت بمێنێت و ڕێزی لێ بگیرێت، ئەمەش پێویستە لە ڕێگەی دەزگا ڕاگەیاندنەكان و لایەنی پەیوەندارەوە بە كولتوورو فەرهەنگ كاری لەسەر بكەن و، گرنگیی زیاتری پێ بدەن.
