پێشانگەی پۆرترێتی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لە هەولێر

پێشانگەی پۆرترێتی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لە هەولێر

رۆژی سێشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2021 پێشانگەی تایبەتی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد بۆ هونەرمەندی شێوەکار کیڤان بارزانی، لە گەلەری میدیای شاری هەولێر کرایەوە.

لە پێشانگەکەدا 40 تابلۆی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لە ئەدیب، رۆشنبیر، سیاسی و شاعیر نمایش کران و پێشانگەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.

لەم بارەیەوە (کیڤان بارزانی)ی هونەرمەندی شێوەکار رایگەیاند، "لە ساڵی 2013 دەستمپێکردووە بە دروستکردنی ئەم تابڵۆیانە کە هەمووی لەسەر دار و بە خاڵڕێژی نەخشاندوومن. ئەم کارە ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و بۆ هەر تابلۆیەک لەنێوان 45 تاوەکو 50 کاژێری دەوێت".

ئەو هونەرمەندە شێوەکارە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئامانجم لەم کارە ئەوەیە، زۆرێک لە نەوەی نوێ کەسایەتییە ناودارەکانی کوردیان نەبینیوە، یاخود نایانناسن، بۆیە دەمەوێت لە رێگەی کارەکەمەوە ئەمانە بە نەوەی ئێستا و داهاتوو ئاشنا بکەم".

لەبارەی ئەوەی کە بۆچی کارەکانی لەسەر دار نەخشاندووە، کیڤان بارزانی گوتی، "بۆیە کارەکانم لەسەر دار نەخشاند، چونکە دەمەوێت تابلۆکانم پێشکێشی مۆزەخانەکانی کوردستان بکەم ئەگەر هاتوو حکومەت هاریکاربێت".

بە گوتەی ئەو هونەرمەندە شێوەکارە، ئێستا 130 تابلۆم ئامادەیە و رۆژانەش کاتەکانی خۆی بە دروستکردنی تابلۆ بەسەردەبات.

کیڤان محو بارزانی ساڵی 1971 لە گوندی بارزان لەدایکبووە، دەرچووی کۆلێژی هونەرەجوانەکانە لە زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر  لە بەشی شێوەکاری. چەندین پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوە و بەشداریی چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە.

سەرچاوە/ڕووداو

Top