هونەرمەندان داوای بەشدارییەكی بەرفراوانی هەڵبژاردنەكان دەكەن 1/2
پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن كردووە و كادر و ئەندامانی پارتی لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی، كە داوای كردووە بانگەشەكان بە ئارامی بەڕێوەبچن، دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، بەڕێوەچوونی بانگەشەیەكی هێمن و دیموكراسییانە، وا دەكات هاووڵاتیان زیاتر لە كارنامە و بەرنامەی كاندیدەكانی پارتی تێبگەن و، لە ڕۆژی دەنگداندا بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
هونەرمەندان وەك چینێكی كاریگەری كۆمەڵگە، بەم شێوەیە باس لە گرنگیی بەشداریكرن لە هەڵبژاردن و، دەنگدان بە كاندیدانی پارتی دەكەن.
دەرهێنەر لوقمان غەریب: پارتی هێزی ڕەسەن و ڕاستەقینەی مەیدانی سیاسی و حوكمڕانییە كە دەتوانێت دەستكەوتەكان بپارێزێت
ئەگەرچی ئەزموونی ساڵانی ڕابردووی حوكمڕانیی نوێی عێراق پڕە لە شكست و فەوزا و پێشێلكاریی دەستووری و یاساشكێنی و سووكایەتی بە سیستمی فیدڕاڵییەت و زاڵبوونی عەقڵییەتی كۆنەخوازی لە جۆری مەزهەبگەرایی و شۆڤێنیستی و نەزانی و فەساد لە ئیدارەدانی دەوڵەت و وێرانبوونی تەواوەتی سەرخان و ژێرخانی وڵاتەكە لە سایەی ئەو فەوزا و پاشاگەردانی و حزب حزبێنە و وەلائی دەرەكییەیە كە عێراقی ئێستای وەك وڵاتێكی هەژار و دواكەتوو پێناسە كردووە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ڕام وایە دەبێ خەڵكی كوردستان زۆر بە فراوانی بەشداریی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن، تا زۆرترین نوێنەری كوردستان لە پەرلەمانەكەدا هەبن، بەڵام دەبێ دەنگەكان بۆ كام كاندید و كام لایەن بێت؟ بۆ ئەوانە بێت كە لە ڕابردوو دەستیان لەگەڵ لایەنە عێراقییە مەزهەبی و شۆڤینییەكان تێكەڵ كردبوو، تا دژایەتیی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و گەلی خۆیان بكەن، یان بۆ ئەوانەی لە پێناو پلە و پۆست و پارەدا لە جێی داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، دژایەتیی ڕیفراندۆم و ئاڵا و سەربەخۆیی كوردستانیان ئەكرد و پێشنیاری بڕینی بوودجە و مووچەی هاووڵاتیانی خویان دەكرد؟؟ ئەگەرچی لە ڕابردوودا ئەم هێزانە بێزراو و مایەپووچ بوون، بەڵام سەرچاوەی مەترسی و كێشە و گرفتیش بوون بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان، میللەتی هوشیار دۆست و دوژمنی خۆی دەناسێت. بۆیە هەمیشە و لە ڕابردوودا و لە تەواوی هەڵبژاردنەكاندا پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەم و بەهێز و خاوەن پێگەی جەماوەریی گەشەسەندوو بووە، سەرچاوەی ئەم سەركەوتنەش، هەموو ئەو هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییانە و ڕیفراندۆم و بەرپێگرتنی هێرشی دڕندانەی داعش و حەشد و دەستگرتن بە بەها و پیرۆزییەكانی خەڵكی كوردستانەوە لە لایەن سەرۆك بارزانی و پارتی و ئەندام و لایەنگرانیەوە بووە و، دەنگدەری وریای گەیاندووەتە ئەو ئاگاییەی كە تەنیا پارتی هێزی ڕەسەن و ڕاستەقینەی مەیدانی سیاسی و حوكمڕانییە و هەر پارتی دەتوانێ چ لە عێراق، یان كوردستان دەستبگرێ بە دەستكەوتەكان و داكۆكییش لە بەدەستهێنانی مافەكان بكات.
بۆیە دەبێ هاووڵاتیان ئەمجارە مكوڕتر لەسەر سندوقەكانی دەنگدان لە بیریان بێت كە كێ ڕاستگۆ و ڕاشكاو و سەرسەختانە داكۆكی لە مافەكانیان كردووە و ئەزموون و خەڵكی كوردستانی پاراستووە و گەشەی پێ داوە و ئاوەدان و خۆشگوزەرانی كردووە.
سینەماكاری كوردستان د. مەهدی ئومێد: سەردەمی یەكدەنگی و یەكڕییە هەموو خۆ بۆ زەماوەندی سەركەوتنی ئاڵای كوردستان ئامادە بكەن
دەرهێنەر و سینەماكاری ناسراوی كوردستان د. مەهدی ئومێد ڕوونی دەكاتەوە «زۆر گرنگە ئێمەی كوردستانی ئەوە تێبگەین كە ئەم سەردەمە سەردەمی یەك دەنگی و یەك هەڵوێستی و یەك ڕیزییە. هەڵبژاردن باشترین هەلە بۆ سەلماندن و دووپات كردنەوەی یەكڕیزیی میللەتانی وەك ئێمەی كورد و كاتی دەنگدانە.» سینەماكاری ناسراو دەشڵێ «من هیچ كات بڕوام بە عیراقی دیموكرات نەبووە و ناشبێت، بۆیە پێویستە نەهێڵین نەیاران بە سەرماندا زاڵ بن. كەواتە پەرتەوازەیی دوێنێ با لە بیر بكەین، ڕۆژێكی نوێ بۆ منداڵانی شاری كەركووك و تەواوی كوردستان دەست نیشان بكەین».
وەك د. مەهدی ئومێدی سینەماكار باسی دەكات «لە جیهاندا شارێك نییە تەنیا یەك نەتەوەی تێدا بژی، بەڵام هەموو شارێك ناسنامەی خۆی هەیە. ناسنامەی كەركووك كوردستانییە، لە پاڵ ئەوەشدا توركمان و عەرەب و كریستیانیشی داڵدە داوە كە هەمووان پێكەوە بە ئاشتی و تەبایی لە كوردستانێكی ئازاددا دەژین. ئەوان نابێ ببن بە كەڵەگا و داگیركەر.» مامۆستای سینەماكاری كوردستان پێی وایە «دەنگدان دۆڕاندن و بردنەوەیە، ئێمەی كورد پێویستە بیبەینەوە چونكە ساڵانێكی زۆرە بۆمان دەركەوتووە بەشێكی نەتەوەكانی تر لە كەركووك ڕەگەزپەرستانە و وەك داگیركەر ڕەفتار دەكەن و شەڕخوازن و دەسەڵات لە لای ئەوان بێت، زۆر خراپ و ترسناكی بەكاری دەهێنن».
مەهدی ئومێد سەرەتا بە شانۆ دەستی پێ كردووە، پاشان ڕووی كردووەتە جیهانی سینەما، بۆیە دەڵێ «من لە شانۆگەرییەكدا كە كاتی خۆی بۆ كەركووكم نووسیوە، تێیدا گوتوومە: ئاو و هەوات فێری كردم بە سەربەستی بژیم، دوژمنانت چرایان بردم تا بە تاریكی بژیم. لە پێناو ئاییندەی كەركووك، پێویستە پێشەنگ و پێشڕەوانی كورد هەموو یەك بگرن تا بە ئاسانی دروشمی كردەوەی نوێ هەڵگرن، چونكە گەل وا خۆی دەڵێ، ئەگەر یەك نەبن سەر ناگرن، پاشەڕۆژێك بۆ كورد دابین نابێت. سستی و ناكۆكی بە لاوە بنێن، دەرفەت لەدەست مەدەن، گرنگ نییە كام حیزبی كوردستان زۆرترین دەنگ دەهێنێت، گرنگ ئەوەیە هەر هەموو خۆ بۆ زەماوەندی سەركەوتنی ئاڵای كوردستان ئامادە بكەن و هەڵەی كۆن دووبارە نەكەنەوە».
هونەرمەند جەمالی دەلاك: پێویستە لەو ڕۆژەدا هەبین و دەنگمان هەبێت
هونەرمەندی جەمالی دەلاك بەو چەشنە باسی هەڵبژاردن و دەنگدان دەكات «هەڵبژاردن و سندووقی دەنگدان یەكێكە لە خەسڵەت و بەهاكانی دنیای دیموكراسی، بەڵام من وەك كوردێك كە بە زۆر وڵاتەكەم بە عیراقی عەرەبەوە لێكێندراوە، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە هەڵبژاردن بۆ كورد وەك پێویست نەبووە، چونكە ئەوانەی لەم ڕێگەیەوە چوونەتە ئەنجومەنی وەزیران و لووتكەی دەسەڵات لە عیراقدا، ئەرك و ئەشكی هاووڵاتیانی كورد و كوردستانیان قورستر كردووە.» هونەرمەند دەلاك دەشڵێ «ئەوەندە لەمێژ نییە، هەموویمان لە بیرە، تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی قووتی خەڵكیان بڕی كە سادەترین مافی مرۆڤە. سەبارەت بەم هەڵبژاردنەش، بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، ترووسكایی لە بەغداوە نابینم بۆ داهاتووی هەرێم و خەڵكی كوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێگر بین لە چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، من بە پێویستی دەزانم هەموو تاكێكی كورد بچێتە سەر سندووقی هەڵبژاردن و ویژدانی خۆی ئاسوودە بكات، بەتایبەتی لە شاری كەركووك، چونكە مێژوو گەواهی دەدات بە چەك و قوربانیدان و خوێن ڕشتنی لاوانمان لەم سەردەمەدا ناگەینە ئەنجام، تەنیا لە ڕێی هەڵبژاردنەوە پارێزگاری لە مافی زەوت كراومان بە شێوەیەكی مۆدێرن و شارستانی دەكەین» .
هونەرمەند جەمالی دەلاك جەختی كردەوە «دووپاتی دەكەمەوە، پێویستە لەو ڕۆژەدا هەبین و دەنگمان هەبێت، بەڵام بە ویژدانەوە دەنگمان بخەینە ناو سندووقەوە».
