دەركەوتنی جیاوازی (سەیف نەبیل) لە جەرەش ڕەخنەی لێكەوتەوە

دەركەوتنی جیاوازی (سەیف نەبیل) لە جەرەش ڕەخنەی لێكەوتەوە

دوا بەدوای بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی (جەرەش) لە ئوردن و بەشداربوونی ژمارەیەك گۆرانیبێژ لەو چالاكییە هونەرییەدا, لە ئێستادا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەشێوەیەكی بەرفراوان باس لە (سەیف نەبیل)ی گۆرانیبێژی عێراقی دەكرێت كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی ئەو فیستیڤاڵە .

سەرەتای دەركەوتنی (سەیف نەبیل)ی گۆرانیبێژی عێراقی لە جەرەش, بەشێوەیەك بوو كە ئەو گۆرانیبێژە لەسەر كورسییەكی گەورە دانیشتبوو و ژمارەیەك كەس لە سەر كۆڵ هەڵیانگرتبوو, دەركەوتنی سەیف نەبیل بەو شێوەیەو بە ستایڵی ڕۆمانی كۆن و دانانی لە سەر ستێج بووە هۆی ئەوەی كە بەشێكی زۆری ئامادەبووان بە گەرمی پێشوازیی لێ بكەن, لە لایەكی دیكەشەوە ئەم نمایشە بە شێوەیەك كاردانەوەی لێ كەوتەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەم گۆرانیبێژەیان وەك كەسێكی خۆپەرست ناوهێنا و كەسێك كە خۆی بە گەورە بزانێت تاوەكو بەو شێوەیە دەربكەوێت, هەروەها بەشێك وەهای بۆ دەچن كە ئەم جۆرە نمایشانە لەگەڵ ئەم فیستیڤاڵە كەلتوورییە ناگونجێت و دوورە لە فیستیڤاڵێكی وەك جەرەش كە چەندین كەلتوور و هونەری وڵاتانی جیاوازی كۆ كردۆوتەوە .

ئەگەر چی ساڵی 2019 بەهۆی مەترسی لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا فیستیڤاڵی ساڵانەی (جەرەش) ئەنجام نەدرا, بەڵام بۆ ئەمساڵ بە پابەندبوون بە ڕێنمایە تەندرووستییەكان و كەمكردنەوەی ژمارەی ئامادەبووان ئەم چالاكییە هونەرییە دەستی پێكرد و لە ڕۆژی 22ی ئەیلول تاوەكو 2ی ئۆكتۆبەر بەردەوام دەبێت, كە ژمارەیەك گۆرانیبێژ لە وڵاتە جیاجیاكان تێیدا هونەرەكەیان پێشكەش دەكەن, لەونەش: جۆرج وسوف- حسین دیك لە سوریا- نەجوا كەرەم لە لوبنان- سەیف نەبیل لە عێراق-عومەر عەبدوللات و نەدا شەرارە لە ئوردن و ژمارەیەكی دیكەی هورنەمەند, ئەمەش جگە لە گروپی میوزیكی و خوێندنەوەی شعرو سازدانی كۆنفرانس بۆ خوێندنەوەو ڕەخنەی شعری و پێشكەشكردنی هونەرو كەلتووری وڵاتان .

ئاسۆ كاكەیی

Top