سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینان ئامادەكراوە
فەرمانگەی خانەنشینی ھەرێمی كوردستان ئاشکرای کرد، سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینانی هەرێم ئامادەکراوە تا کۆتایی ئەمساڵ دەكەوێتە کار، بەگوێرەی ئەو سیستەمەش هەر فەرمانبەرێك خزمەتی کارکردنی لە 15 ساڵ کەمتربێت ئەوە لە سیستەمی خانەنشینی تۆمار ناکرێت.
سەباح موخلیس بەرپرسی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئەو سیستەمە بە هاوکاری وەزارەتی دارایی و بە هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان و ڕێکخراوێک دروستکراوە و سیستەمەكە ئۆنڵاین و گشتگیری ئەلیکترۆنییە و تەواو بووە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنە تەنیا کڕینی کەلوپەلەکان ماوە.
ئەو سیستەمە هەر چواردە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی بە فەرمانگەی خانەنشینی ھەرێمی كوردستان دەبەستێتەوە.
هەروەها بەرپرسی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە كە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی هەرێم بەو سیستەمە دەبەسترێنەوە، هەر فەرمانبەرێكیش خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتربێت سیستەمەکە نایخوێنێتەوە و وەریناگرێت، واتە خانەنشینی ناکات، ئەوکات تەنیا پاداشتی کۆتایی راژە وەردەگرێت و خانەنشینی نایگرێتەوەو دوای هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی پلە تایبەتەکانیش کارەکە ئاسان دەبێت و فەرمانبەرانی ئاسایی دەخرێنە ناو سیستەمەكە و هەر کەسێک کەمتر لە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت بۆمان جیا دەکاتەوە.
