بەلقیس گەشتی میسری لێ قەدەغە دەكرێت
سەندیكا پیشە موزیكییەكانی وڵاتی میسر بڕیاریدا كە بەهۆی پێشێلكردنی یاساكانی سەندیكای ئەو وڵاتەوە، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە خانمە گۆرانیبێژی بە ڕەچەڵەك یەمەنی (بەڵقیس) نادات كە جارێكی دیكە لە میسر گۆرانی بڵێت.
ئەم بڕیارە بەلقیسی تووشی شۆك كرد، بێ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆی بەرامبەر بە بڕیارەكە هەبێت.
سەندیكای ناوبراو لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: «بڕیارماندا كە بە هیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ گۆرانیبێژی یەمەنی بەلقیس نەكرێت و، لە داهاتووشدا هیچ ڕێگەپێدانێكی پێ نابەخشرێت، كە بتوانێت لە كۆماری میسر گۆرانی بڵێت و ئاهەنگ و كۆنسێرت ساز بكات، چونكە بێ ئەوەی ڕەزامەندیی هەبێت، ئاهەنگێكی لە یانەی جەلای سەربازی ئەنجام داوە، بۆ ئەم مەبەستەش گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك چێشتخانە و هۆتێلەكان ئاگادار دەكرێنەوە كە نابێ چیتر مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.»
جێگای بیرخستنەوەیە كە بەلقیس بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند ڕامی سەبری ئاهەنگێكی لە یانەی جەلا ساز كردبوو، كە جەماوەرێكی زۆر ئامادەی ببووبوون.
سەرچاوە: https://www.mashahir.net/
