نەجوا کەرەم:كۆرۆنا تووشی دڵەڕاوكێی نەكردووم، بەڵام خۆپاراستنیش پێویستە
سەرەتای ساڵی پار جیهان هەمووی ڕووبەڕووی ڕووداوێك بوو كە لەم سەردەمەدا نوێ و بێ وێنە بوو، ئەویش بریتی بوو لە كەرەنتینە بۆ خۆپاراستن و بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە سەرتاسەری جیهانی گرتەوە و گشت چالاكییە ئابووری، كۆمەڵایەتی، هونەری و وەرزشییەكانی پەك خست، بواری هونەری و بەتایبەتیش گۆرانیگوتن و گۆرانیبێژان زیاتر كاریگەر بوون بەم ڕێوشوێنانە.
خانمە هونەرمەندی لوبنانی نەجوا كەرەم بە تەواوی پابەندی ڕێوشوێنەكان بوو، بەڵام تووشی ترس و دڵەڕاوكێ نەبووە، لەم بارەوە دەڵێت: «مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوەدایە كە زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە، منیش وەك هەر كەسێكی دیكە ڕۆژانی كەرەنتینەم لە ماڵەوە بە ئەنجامدانی چەند چالاكییەك بەسەر برد، بەڵام هیچ كاتێكیش تووشی ترس و دڵەڕاوكێ نەبووم، لەو ماوەیەدا زۆربەی كاتەكانم بە ئەنجامدانی وەرزش بەسەر برد و زۆریش لەگەڵ خانەوادەكەم لە باخچەی ماڵەكەم دادەنیشتم، چونكە پێموایە باخچە و سرووشت بە گشتی، باشترین چارەسەری ڕۆح و جەستەن».
ئەو خانمە هونەرمەندە سەبارەت بە چۆنێتیی خۆپاراستن لە كۆرۆنا دەڵێت: «من زیاتر بە خواردنی ئەو ڤیتامینانە خۆم دەپاراست، كە لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەكە پزیشكان ئامۆژگارییان دەكرد، بەوەی بەرگریی جەستە بەهێز دەكەن، بەڵام تووشی ترس نەبووم و كۆرۆنا نەبوو بە كابوسێك بۆ من، چونكە پێویست ناكات لێی بترسین، بەڵام خۆپاراستن زۆر زەروورە.»
نەجوا تیشكی خستە سەر ڕۆژانی قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینە، بۆ ئەو مەبەستەش گوتی: «كاتێك شەقامەكانی بەیروت و وڵاتانی جیهانم دەبینی بە چۆڵی، بڕوای تەواوم بە فیلمە خەیاڵییەكان هات، كە جیهانیان بەو شێوەیە نیشان دەدا، بەڵام ئێمە ئەمەمان بە ڕاستی و لە واقعدا بینی، كە مرۆڤەكان بۆ پاراستنی ژیانیان ناتوانن لە ماڵی خۆیان بێنە دەرەوە، من وا هەست دەكەم كە جیهان ماندوو بووە و ئەم ڤایرۆسە هات بۆ ئەوەی هەندێك لە كردەوە قێزەوەنەكانی مرۆڤ ڕابگرێت، چونكە كاتی ئەوە هاتووە مرۆڤەكان خۆیان زەنگی مەترسی لێبدەن، پێویستە مرۆڤ بگاتە ئەو ڕاستییەی كە ناتوانرێت هیچ ڤایرۆسێك لەناو ببردرێت، ئەگەر مرۆڤەكان كردەوەكانی خۆیان باش نەكەن و بەرامبەر یەكتری ڕاستگۆ نەبن».
سەبارەت بە پڕپاگەندەكانی تووشبوونی بە كۆرۆنا، نەجوا كەرەم دەڵێت: «من لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی ئەو پروپاگەندەیەوە بۆ ئەوانەی دڵیان لە لامە ڕامگەیاند، كە من زۆر باشم، كۆرۆنا نە منی بینیوە، نە بە نزیك ماڵەكەشمدا تێپەڕیوە، بۆیە وا باشترە هەواڵی سەركەوتنەكانم بڵاوبكەنەوە، لە جیاتی ئەوەی خۆتان بە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەیەكەوە سەرقاڵ بكەن كە ئەسڵ و ئەساسی نییە».
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، بەتایبەتی كێشەی كۆبوونەوەی زبڵ و خاشاكی زۆر لە وڵاتە كە هۆكارە بۆ بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی و ناشیرینكردنی وێنەی لوبنان لە دەرەوە، نەجوا كەرەم بە گاڵتەجاڕییەوە گوتی: «چەندین ساڵە بە دەست ئەم گرفتەوە دەناڵێنین و گشت لوبنانییەكانی بێزار كردووە، بۆیە پێموایە ئێمە ئەوەندە زبڵ و خاشاكمان هەیە كە بە دڵنیاییەوە هەر بەكتریایەك ڕوو لە وڵاتەكەمان بكات، بەكتریاكە خۆی لەناو دەچێت».
لەلایەكی دیكەوە نەجوا كەرەم باسی لە هۆكاری جوانییەكەی و مانەوەی بە گەنجی كرد، لەوبارەشەوە گوتی: «نهێنیی جوانیی ڕاستەقینە و هێز و وزەی جەستەم بۆ خۆشەویستی دەگەڕێتەوە، كاتێك خۆشەویست بین، بوونمان تام و چێژی هەیە و، ئەو كات ژیانمان مانا و بەها زیاتری دەبێت، بە ڕۆح جوانتر و دەوڵەمەندتر دەبین، ئەمەش لە جوانیی ماددی و گشت جوانییە ساختەكانی دیكە گرنگترە».
نەجوا كە لە لیژنەی بەرنامەی (the ¬Voice SENIOR)ـە، دەربارەی بەرنامەكە دەڵێت: «ئەم بەرنامەیە هیوایەكی ڕاستەقینە بەو كەسانە دەبەخشێت كە بەشدارییان تێدا كردووە و، پەیامێك دەگەیەنێت كە بریتییە لەوەی، ئەگەر بەهرەكان درەنگیش دەركەوتن و ئاشكرا بوون، ئەوا دەرفەتێك هەر دەبێت كە تواناكانیان پیشان بدەن، تەنانەت ئەگەر لە كاتێكیشدا بێت كە كەسانێك پێیانوایە زۆر دواكەوتووە، چونكە بەهرەی ڕاستەقینە تەمەنێكی دیاریكراوی نییە، ئەوانەی بەشدارییان كردووە ئەگەر بەهرەكانیان ڕاستەقینە نەبوایە، بەشدارییان نەدەكرد، ڕەنگە بارودۆخێكی تایبەتی ژیانیان لەبار نەبووبێت و هۆكارێك وای كردبێت كە دوا بكەون، بەڵام بێگومان ئەوان ئێستا دەتوانن بلیمەتیی خۆیان نیشان بدەن، بە پێشكەشكردنی ستایلی جۆراوجۆر و، هەر یەكەیان تایبەتمەندی و تامی خۆیان هەیە، بەجۆرێك كە هەندێك لە بەشداربووانی بەرنامەكە، مایەی سەرسووڕمان بوون بۆ لیژنەی ناوبژیوانان و، وایكرد هەڵبژاردنی باشترینیان كارێكی زۆر زەحمەت و سەخت بێت».
سەرچاوە: الجزیرة، العربیە، الوطن
