حەسنا لەعكوبی بۆ گوڵان: هونەر سەنگ و بەهای جارانی نەماوە
حەسنا كچێكی مەغریبیی خاوەن زیاتر لە بەهرەیەكە لە نێوان كاری میدیایی و مۆدێل و، ئێستاش ڕووی لە بواری نواندن كردووە، سەرەڕای ئاستی پێشكەوتوویی هونەر لە وڵاتی مەغریب، بەڵام بەردەوام ڕوو لە دوبەی و قاهیرە دەكات و، پێیوایە لەو دوو شوێنە زیاتر سەركەوتوو دەبێت، لە ئێستادا خۆی ئامادە دەكات بۆ بەشداریكردن لە فیلمێك بە ناوی (لعبة الشیاطین)، ئەم خانمە هونەرمەندە یەكێكە لەو كچانەی كە زۆر بەجددی هەنگاو دەنێ بۆ ئەوەی لە بواری هونەریدا بە ئامانجەكانی بگات، دەربارەی كارەكانی ڕابردووی و جیاوازیی نێوان مۆدێل و ئەكتەر و چەند پرسێكی دیكە دەڵێت: «هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووم، سەرەتا زۆر كەس هانیاندام بۆ ئەوەی ڕوو لە بواری جلوبەرگ و مۆدێل بكەم، چونكە پێیان وابوو ڕوخسار و باڵام زیاتر بۆ ئەو بوارە گونجاوە، ئێستاش مۆدێل بەشێكی سەرەكییە لە ژیانم و، لە چەندین نمایشی عەرەبی و جیهانی بەشداریم كردووە».
سەبارەت بەو سەردانەی كە بڕیار بوو بیكات بۆ هەرێمی كوردستان حەسنا دەڵێت: «سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ لە یەكێك لە كەناڵ تەلەفزیۆنییەكان، وەك پێشكەشكاری بەرنامەیەكی تایبەت بە جلوبەرگ و كەلوتووری میللەتان بە نیاز بووم سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم، خۆیشم بە تەواوی بۆ ئەو سەردانە ئامادە كردبوو، زۆر زانیاریم دەبارەی جلوبەرگی ئافرەتانی كورد دەستكەوتبوو، تەنانەت بەشێك لەو شوێنانەشم دیاری كردبوو بۆ ئەوەی سەردانیان بكەم، بەڵام لە كۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی كەناڵەكە بەرنامەكەی ڕاگرت. من زۆر تامەزرۆی ئەم سەردانە بووم، چونكە یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوەیە شارەزای كولتوور و خواردنی گەلان بم، بەتایبەتی گەلی كورد، هاوڕێی كوردم هەیە و بەردەوام زانیاریم پێ دەدەن دەربارەی كولتووری نەتەوەكەیان».
سەبارەت بە جوانی بۆ سەركەوتنی ئافرەت لە بواری هونەریدا بەگشتی، حەسنا دەڵێت: «من سەبارەت بە خۆم قسە دەكەم، ئەوەی زیاتر دەرفەتی بۆ من ڕەخساندووە لە بواری نواندن و نمایشكاری جلوبەرگدا كار بكەم زیاتر ڕوخسار و شێوەمە، چونكە ڕوخسار بەشێكی سەرەكییە و پێویستی بە كەسێكە كە لەشی زیاد و كەم نەبێت، و اتە پڕ بێت، منیش باڵا و بەژنم یارمەتیم دەدەن كە لە بواری مۆدێل و ڕیكلامدا كار بكەم، ئەمەش كارێكی ئاساییە و یارمەتیی ئەكتەر دەدات، بۆ ئەوەی ناوبانگی زیاتربێت و دەركەوێت، ڕەنگە لە نواندندا بە تەواوی ئەمە ڕاست نەبێت و بە گوێرەی ئەو ڕۆڵەی بە ئەكتەر دەدرێت بگۆڕێت».
سەبارەت بە بەهرە و جوانیش حەسنا گوتی: «من پشتم بە توانا و بەهرەی خۆم بەستووە، چونكە پێویستە بەهرەی هونەریت هەبێت، تا بتوانیت بوونی خۆت بسەلمێنیت، من تا ئێستا دەرفەتی زۆرم بۆ نەڕەخساوە، تا بتوانم هەموو توانا و بەهرەكانی خۆمی تێدا دەربخەم، یان فیلمێكم پێشكەش كرابێت كە بە تەواوی لێی ڕازی بم، هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت».
سەبارەت بەوەی كە ئایا خۆی لە كام بواردا سەركەوتووتر دەبینێت، حەسنا دەڵێت: «نواندن لای من هەر لە منداڵییەوە وەك بەهرەیەك بوو، هەروەها خۆشەویستییشم بۆ نواندن هەبوو، لەبەر ئەوە پەیوەندیم بە پەیمانگەوە كرد و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە بواری شانۆی درامیدا خوێندم، بۆیە زیاتر حەز لە بواری نواندن و شانۆ دەكەم، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە وڵاتانی عەرەبی ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە كە من شایەنیم، واتە مافی خۆم پێ نەدراوە، ئەو دەرفەتەی خەونی پێوە دەبینم تا ئێستا، بۆم نەهاتۆتەدی، سەرەڕای ئەمەش حەز دەكەم لە ڕیكلامەكاندا نواندن بكەم، بۆ ئەوەی زیاتر بناسرێم و هەوڵ بدەم تواناكانم پێش بخەم و بگەمە ئەو ئاستەی كە خۆم دەمەوێت پێی بگەم».
سەبارەت بەو گەنجانەی ڕوو لە بواری هونەری دەكەن، حەسنا پێیوایە پێویستە دەستبەرداری خەونەكانیان نەبن، بۆ ئەوەی پێی بگەن، پێویستە هەوڵ بدەن و ئارام بن بۆ گەیشتن بە خەونەكانیان سەرەڕای سەختی بارودۆخی ژیان، بەتایبەتی لە ڕۆژگاری ئێستادا كە هیچ شتێك لە شوێنی خۆی نەماوە و، سرووشتی نییە و ئاستی هونەر بە گشتی لە دابەزیندایە و هونەر سەنگ و بەهای جارانی نەماوە».
سەبارەت ئاستی ئێستای هونەر و كاریگەریی دراما بیانییەكان لەسەر جەماوەر حەسنا بۆچوونێكی جیاوازی هەیە و دەڵێت: «جەماوەری و ڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی حەز لە كار و هونەرمەندی گەنج دەكەن، بەڵام گرفتەكەیان ئەوەیە كە دەرفەتی زۆر بە ئەكتەرە گەنجەكان نادەن، بۆیە دەبینین كە دراما توركییەكان گشت كەناڵەكانیان داگیركردووە، بەتایبەتی كەناڵە عەرەبییەكان، چونكە جەماوەری وڵاتانی عەرەبی حەز دەكەن دەموچاوی نوێ ببینن، كە چاویان پێیان نەكەوتبێت، بۆیە پێویستە كەناڵە عەرەبییەكان دەرفەت بە گەنجان بدەن، لە هەمان كاتدا وەك دراما توركییەكان دیمەنی جوانی شوێنەكانیش زیاتر نمایش بكەن».
لە كۆتاییشدا حەسنا ئەوەی ڕاگەیاند كە پاڵێوراوە بۆ فیلمێك بە ناوی (لعبة الشیاطین)، و ڕۆڵی سەرەكیی تێدا دەبینێت، ئەم فیلمە باس لە ڕووداوێكی ڕاستەقینە دەكات، بەم زووانە دەست بە وێنەگرتنی دەكرێت و دەڵێت لە داهاتوودا زانیاریی تەواوتان پێ دەدەم لەسەر فیلمەكە و دەرهێنەر و ئەو ئەكتەرانەی كە تێیدا بەشدارن.
