شاكیرا رێگا نادات منداڵەكانی گوێ لە گۆرانی بگرن
خانمە گۆرانیبێژی كۆلۆمبی شاكیرا رایگەیاند كە رێگا بە منداڵەكانی نادات گوێ لە گۆرانییەكانی بگرن، تەنانەت دەرفەتی ئەوەشیان پێ نادات كە گوێ لە مۆسیقاكانی بگرن و، سەیری ڤیدیۆكانیشی بكەن لە ماڵەوە.
رۆژنامەی (زە ئینتەرناشناڵ نیوز) بڵاوی كردەوە كە شاكیرا هەوڵ دەدات بە هیچ شێوەیەك منداڵەكانی گوێ لە گۆرانییەكانی نەگرن، چونكە ژینگەی ماڵەوەی تایبەتە و دەیەوێت منداڵەكانی ژیانێكی ئاسایی بژین و، هەست نەكەن كە لە كەشوهەوای ناوبانگیدا بن و، هەست بەوەنەكەن كە دایك و باوكیان كەسانی ناودارن.
شاكیرا لەو بارەیەوە دەڵێت: «من و جیرارد پیكێی هاوسەرم دوو كەسایەتیی ناسراوین، هەریەكەمان لە بواری خۆیدا، بەڵام بە هەموو توانایەكمەوە هەوڵ دەدەم كە ژیانی منداڵەكانمان لە ماڵەوە زۆر ئاسایی بێت و، بە هیچ شێوەیەك تێكەڵ بە كار و ژیانی دەرەوەی ئێمە نەبێت».
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە تا منداڵەكانی هەست بە ئازادی بكەن و بۆ ئەنجامدانی هیچ كارێك ناچار نەكرێن، تەنانەت ئەگەر گۆرانی و مۆسیقاكانی ئەویش بێت، بۆیە لەوبارەیەوە رایگەیاند كە لە ماڵەوە لەگەڵ پیكێش دەربارەی گۆرانی، یان كارە هونەرییەكانی گفتوگۆ ناكات، چونكە پیكێ رەخنەی زۆری لێ دەگرێت و هەر كە ڤیدیۆیەكی ببینی ئیدی دەست دەكات بە رەخنەگرتن، چونكە هەندێك دیمەنەكانی بە دڵ نییە، بۆیە شاكیرا بە ناچاری پێی دەڵێت «واز لەم رەخنانە بێنە با چیتر گفتوگۆ نەكەین».
شاكیرا هەر بەوەش نەوەستاوە، بەڵكو پێش ماوەیەك رایگەیاند كە خۆیشی حەز ناكات لە ماڵەوە گوێ لە گۆرانییەكانی خۆی بگرێت، تەنانەت بەر لە ماوەیەك لە یەكێك لە چێشتخانەكاندا كاتێك گوێی لە گۆرانییەكی خۆی بوو، هەستی بە شەرمەزارییەكی زۆر كرد، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەنیا لەسەر شانۆ و لە كۆنسێرتەكاندا گۆرانی تام و چێژی پێ دەبەخشن.
