حەسنا لەعکوبی بۆ گوڵان: هونەر سەنگ و بەهای جارانی نەماوە
حەسنا کچێکی مەغریبی خاوەن زیاتر لە بەهرەیەکە لە نێوان کاری میدیایی و مۆدێل و ئێستاش رووی لە بواری نواندن کردووە، سەرەڕای ئاستی پێشکەوتووی هونەری لە وڵاتی مەغریب، بەڵام بەردەوام روو لە دوبەی و قاهیرە دەکات و پێیوایە لەو دوو شوێنە زیاتر سەرکەوتوو دەبێت، لە ئێستادا خۆی ئامادە دەکات بۆ بەشداری کردن لە فیلمێک بە ناوی (اللعبة و الشياطين) یەكێكە لەو كچانەی كە زۆر بەجددی هەنگاو دەنێ بۆ ئەوەی لە بواری هونەریدا بە ئامانجەكانی بگات، دەربارەی كارەكانی رابردووی و جیاوازیی نێوان مۆدێل و ئەكتەر و چەند پرسێكی دیكە.
حەسنا دەڵێ: هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووم، سەرەتا زۆر کەس هانیاندام بۆ ئەوەی روو لە بواری جلوبەرگ و مۆدێل بکەم، چونکە پێیانوابوو رووخسار و باڵام زیاتر بۆ ئەو بوارە گونجاوە، ئێستاش مۆدێل بەشێکی سەرەکییە لە ژیانم و لە چەندین نمایشی عەرەبی و جیهانی بەشداریم کردووە.
سەبارەت بەو سەردانەی کە بڕیار بوو بیکات بۆ هەرێمی کوردستان وتی: سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ وەک پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تایبەت بە جلوبەرگ و کەلتوورری میللەتان بە نیاز بووم سەردانی هەرێمی کوردستان، خۆیشم بە تەواوی بۆ ئەو سەردانە ئامادە کردبوو، زۆر زانیاریم دەبارەی جلوبەرگی ئافرەتانی کورد دەستکەوتبوو، تەنانەت بەشێک لەو شوێنانەشم دیاری کردبوو بۆ ئەوەی سەردانیان بکەم، بەڵام لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی کەناڵەکە بەرنامەکەی راگرت. من زۆر تامەزرۆی ئەم سەردانە بووم، چونکە یەکێک لە ئاواتەکانم ئەوەیە شارەزای کەلتوور و خواردنی گەلان بم بەتایبەتی گەلی کورد و هاوڕێی کوردم هەیە بەردەوام زانیاریم پێ دەدەن دەربارەی کەلتووری نەتەوەکەیان.
سەبارەت بە جوانی بۆ سەرکەوتنی ئافرەت لە بواری هونەری بەگشتی حەسنا دەڵێ: من سەبارەت بە خۆم قسە دەکەم، ئەوەی زیاتر دەرفەتی بۆ من رەخساندووە لە بواری نواندن و نمایشكاری جلوبەرگدا كار بكەم زیاتر روخسار و شێوەیە، چونكە روخسار بەشێكی سەرەكییە و پێویستی بە كەسێكە كە لەشی زیاد و كەم نەبێت، و اتە پڕ بێت، منیش باڵا و بەژنم یارمەتیم دەدەن كە لە بواری مۆدێل و ریكلامدا كار بكەم، ئەمەش كارێكی ئاساییە و یارمەتی ئەكتەر دەدات بۆ ئەوەی ناوبانگی زیاتر بێت و دەركەوێت، رەنگە لە نواندندا بە تەواوی ئەمە راست نەبێت و بە گوێرەی ئەو رۆڵەی بە ئەکتەر دەدرێت دەگۆڕێت.
سەبارەت بە بەهرە و جوانیش دەڵێ: من پشتم بە توانا و بەهرەی خۆم بەستووە، چونكە پێویستە بەهرەی هونەریت هەبێت، تا بتوانیت بوونی خۆت بسەلمێنی، من تا ئێستا دەرفەتی زۆرم بۆ نەڕەخساوە، تاكو بتوانم هەموو توانا و بەهرەكانی خۆمی تێدا دەربخەم، یان فیلمێكم پێشكەش كرابێت كە بە تەواوی لێی رازی بم، هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ.
سەبارەت بەوەی کە ئایا خۆی لە کام بواردا سەرکەوتووتر دەبینێت حەسنا دەڵێ: نواندن لای من هەر لە منداڵییەوە وەك بەهرەیەك بوو، هەروەها خۆشەویستیشم بۆ نواندن هەبوو، لەبەر ئەوە پەیوەندیم بە پەیمانگاوە كرد و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە بواری شانۆی درامیم خوێند، بۆیە زیاتر حەز لە بواری نواندن و شانۆ دەكەم، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە وڵاتانی عەرەبی ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە كە من شایەنیم، واتە مافی خۆم پێ نەدراوە، تا ئێستا ئەو دەرفەتەی خەونی پێوە دەبینم، بۆم نەهاتۆتەدی، سەرەڕای ئەمەش حەز دەكەم لە ریكلامەكاندا نواندن بكەم، بۆ ئەوەی زیاتر بناسرێم و هەوڵ بدەم تواناكانم پێش بخەم و بگەمە ئەو ئاستەی كە خۆم دەمەوێ پێی بگەم.
سەبارەت بەو گەنجانەی روو لە بواری هونەری دەکەن، حەسنا پێیوایە پێویستە دەست بە خەونەكانیانەوە بگرن، بۆ ئەوەی پێی بگەن و هەوڵ بدەن و ئارام بن بۆ گەیشتن بە خەونەكانیان سەرەڕای سەختی بارودۆخی ژیان، بەتایبەتی لە رۆژگاری ئێستادا کە هیچ شتێک لە شوێنی خۆی نەماوە و سروشتی نییە و ئاستی هونەر بە گشتی لە دابەزیندایە و هونەر سەنگ و بەهای جارانی نەماوە.
سەبارەت ئاستی ئێستای هونەر و کاریگەریی دراما بیانییەکان لەسەر جەماوەر حەسنا دەڵێ: جەماوەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی حەز لە كار و هونەرمەندی گەنج دەكەن، بەڵام گرفتەكەیان ئەوەیە كە دەرفەتی زۆر بە ئەكتەرە گەنجەكان نادەن، بۆیە دەبینین كە دراما توركییەكان گشت كەناڵەكانیان داگیركردووە بەتایبەتی كەناڵە عەرەبییەكان، چونكە جەماوەری وڵاتانی عەرەبی حەز دەكەن، دەموچاوی نوێ ببینن كە چاویان پێیان نەكەوتبێت، بۆیە پێویستە كەناڵە عەرەبییەكان دەرفەت بە گەنجان بدەن لە هەمان كاتدا وەك دراما توركییەكان دیمەنی جوانی شوێنەكانیش زیاتر نمایش بكەن.
لە کۆتاییشدا حەسنا ئەوەی راگەیاند کە پاڵێوراوە بۆ فیلمێک بە ناوی (اللعبة و الشياطين)، و رۆڵی سەرەکیی تێدا دەبینێت، ئەم فیلمە باس لە رووداوێکی راستەقینە دەکات، بەم زووانە دەست بە وێنەگرتنی دەکرێت و لە داهاتوودا زانیاری تەواوتان پێدەدەم لەسەر فیلمەکە و دەرهێنەر و ئەو ئەکتەرانەی کە بەشدارن.
