گراندی یارمەتیی تووشبووانی نەخۆشییە دەروونییەكان دەدات

گراندی یارمەتیی تووشبووانی نەخۆشییە دەروونییەكان دەدات

گۆرانیبێژی ئەمریكی (ئاریانا گراندی) بڕیاریدا لە سەكۆیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی نەخۆشییە دەروونییەكان بەشداریی بكات، بە ناوی (Better Help)، بۆ ئەم مەبەستەش بڕی یەك ملیۆن دۆلاری بەخشی.
لەم بارەوە گراندی لەسەر پەیجی تایبەتی خۆی لە تویتەر و گشت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رایگەیاند: «من زۆر بە پەرۆشم كە بڕی یەك ملیۆن دۆلار پێشكەش دەكەم بۆ چارەسەر كردنی نەخۆشییە دەروونییەكان، بڕوای تەواوم بەوە هەیە كە نابێ چارەسەر تەنیا بۆ كەسانی دەوڵەمەند و خوا پێداوەكان فەراهەم و بەردەست بێت، بەڵكو دەبێ هەموو كەسێك بە یەكسانی چارەسەری دەست كەوێت»، لە درێژەی وتەكانیدا ئاریانا نووسیوویەتی: «لێرەدا دەمەوێ هانی ئەو كەسانە بدەم كە پێویستیان بە چارەسەر هەیە، كە دوو دڵ نەبن لە داواكردنی یارمەتی و، خۆیان لەو دێوەزمەیە رزگار بكەن، دەبێ ئەوانیش سوود لەو دەرفەتە ببینن و چارەسەری پێویست وەربگرن لەسەر دەستی كەسانی پسیۆڕ و شارەزا بە خۆڕایی و، بە لایەنی كەم بۆ ماوەی یەك مانگ»، لە درێژەی تویتەكەیدا ئاریانا ئاماژەی بەوە كردووە كە تووشبووانی نەخۆشییە دەروونییەكان دەتوانن بۆ ماوەیەكی درێژ سوود لەو دەرفەتە وەربگرن، لەوباریەوە نووسیوویەتی: «دوای مانگێك لە وەرگرتنی چارەسەر، تووشبووان ئازادن لەوەی بەردەوام بن لە تەواوكردنی كۆرسەكانی چارەسەر، هیوادارم ئەمە سەرەتایەكی باش و سوود بەخش بێت، چونكە چارەسەركردن ئاسان نییە، بەڵكو پێویستی بە كات و ماندووبوونێكی زۆر هەیە».

سەرچاوە: گولولی

Top