ئیلیسا بۆ گوڵان: كەناڵە كوردییەكان هونەری كوردیان لە بیر كردووە
ئیلیسا خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ماوەی پێنج ساڵ لە هەولێری پایتەختی باشووری كوردستان ژیاوە، دواتر رووی لە وەڵاتی سوید كردووە و ئێستا لەوێ ژیان بەسەر دەبات، وێڕای سەختییەكانی ژیان لە وڵاتی غەریبی، ئیلیسا بەردەوام بووە لە كاری هونەری، هەروەها سەرەڕای ساردوسڕی و بەستەڵەك لە ئەسكەندەناڤیا، كە تا راددەیەك هاوشێوەی ساردیی شاری شنۆی رۆهەڵاتی كوردستان و زێدی خۆیەتی، هەست بە ئارامی و دڵنەواییەكی زۆر دەكات و، خەڵكی ئەم وەڵاتە بە كەسانی میهرەبان و مرۆڤدۆست ناو دەبات، كە دەرگایان بۆی واڵا كردووە و دڵسۆزانە یارمەتییان داوە، ئێمەش وەك گۆڤاری گوڵان لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكیمان ئاراستەی ئیلیسا كرد، كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
* رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن هونەرمەندی گەورەیە، هیچ لەو هونەرمەندانە كاریگەرییان بەسەرتەوە هەبووە؟
- من هەر لە مناڵییەوە زیاتر بیسەری موزیكی فارسی بووم و، هونەرمەندی ناسراوی فارسی (نۆش ئافرین) كە هاوڕێیەكی زور نزیكمەو، تەنانەت لە زۆربەی دیمانەكانیشیدا باسی من دەكات، ئەو هونەرمەندە لە بەردەوام بوون و درێژەدان بە كاری هونەری، زیاتر كاریگەریی بەسەر منەوە هەبووە.
* ئایا هونەرمەندێكی كورد تا چەند دەتوانێت بە زمانی بیانی خزمەت بە كولتووری كوردی و ناساندنی كورد بگەیەنیت؟
- من وەك كچە هونەرمەندێك ئەوەی لە توانامدا بووە كردوومە و دەیكەم، بۆیە جگە لە گۆرانیگوتن بە زمانی كوردی، بە چەندین زمانی بیانییش گۆرانیم گوتووە.
* گۆرانیگوتن بە زمانی سویدی بۆ تۆ زەحمەت نەبوو؟
- لەبەر ئەوەی من زوو فێرە زمانی سویدی بووم، بۆیە گۆرانیگوتن بە زمانی سویدی بۆ من زەحمەت نەبوو، جگە لەوەی هاوڕێكانم هەموویان سویدین ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری هەبوو كە من بە ئاسانی فێرە ئەو زمانە بم.
* وەك ئافرەتێكی هونەرمەندی كورد چ ئاستەنگێك زیاتر رووبەڕووت بۆتەوە؟
- من تەنیا باس لە خۆم دەكەم، هیچ كات رێگەم نەداوە ئاستەنگەكان ببنە هۆكار، بۆ ئەوەی بیر لە وازهێنان لە كاری هونەری بكەمەوە، من خۆم كەسێكی هێمن و میهرەبانم، دڵنیام لە پاكی و راستگۆیی خۆم، بۆیە گوێ لە هیچ شتێك ناگرم كە كۆمەڵگە، یان كەسانێك بە بیری تەسكی خۆیان لە من و كارەكانم دەڕوانن، هەمیشە خۆم بووم و بەو جۆرە ژیاوم كە خۆم ویستوومە.
* هەندێك كەس دەڵێن كاری هونەری لە ئەوروپا زەحمەتە، وەك هەڵكەندنی بیر بە دەرزی، تا چەند پشتگیری لەو قسەیە دەكەیت و بۆچی وا دەگوترێت؟
- من لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم، بە بڕوای من وانییە، ڕەنگە كیشە ی ئەو كەسانە زمان بیت، یان وەك پێویست نەتوانن پەرە بە پەیوەندییەكانیان بدەن لە ئەوروپا، ئەوروپییەكان بە گشتی كەسانی میهرەبان و راستگۆن.
* جاران لە نێو كورددا هونەرمەندی ئافرەت كەم بوون، ئێستا هونەرمەندی ئافرەتمان زۆرە، ئایا پێتوایە خزمەتیان بە هونەری كوردی كردبێت؟
- من تائێستا بە هیچ شێوەیەك لە سۆشیال میدیا دەرنەكەوتووم و ئاگام لە سۆشیال میدیا نییە، بەڵام ماوە ماوە وێنەیەكی نوێی خۆم بڵاو دەكەمەوە، بەداخەوە زۆر كەس بە ناوی هونەری كوردییەوە تەنیا خەریكی خۆدەرخستن و خۆنمایشكردنن، بێ ئەوەی هیچ باكگراوەندێكی هونەرییان هەبێت و، شارەزای ئەو بوارە بن، بە بڕوای من هونەرمەندانی پێشوو سەرەڕای كەمیی تەكنۆلۆجیا زۆر سەركەوتوو بوون و، كاتێك گوێمان لە گۆرانییەكانیان دەگرت چێژمان لێیان دەبینی.
* دەیان كەناڵی كوردیمان هەیە، ئایا وەك پێویست خزمەتیان بە هونەرمەندان كردووە، بۆ نموونە جەنابتان؟
- كەناڵە كوردییەكان ئەوەندی خۆیان بە پڕۆژەی بێ بنەماوە سەرقاڵ كردووە، هونەری كوردیان لە بیر كردووە.
* لە نێوان كاركردن و خوێندن و كاری هونەریدا، چۆن توانیوتە پەرە بە كارەكانی خۆت بدەیت؟
- من هەمیشە لە ژیاندا هەوڵ دەدەم بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانم و، هیچ كاتێكیش خۆم نەدیتووە كە كۆڵ بدەم لە ژیان، بۆیە زۆر ماندوو بووم، چونكە دەخوێنم و كاری زۆرم هەیە، لە لایەكی دیكەوە سەرەڕای سەختیی ژیان، دەبێ كات تەرخان بكەم بۆ ئامادەكردنی كارە هونەرییەكانم، بەتایبەتی كە ئێستا سەرقاڵی كاری ئەلبوومێكی نوێم.
* ئایا تاچەند گرنگی بە سۆشیال میدیا دەدەیت و چەند كاتی بۆ تەرخان دەكەیت؟
- وەك پێشتر باسم كرد، ئێستا هیچ كاتێكی وام نییە بۆ سۆشیال میدیا، تەنیا جار جارە وێنەیەكی خۆم بڵاو دەكەمەوە، بەڵام هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا دوای تەواوبوونی ئەلبوومەكەم، گرنگیی زیاتر بەو بوارە بدەم.
* تۆمار كردنی گۆرانییەك لە سوید خەرجی چەندی دەوێ؟
- كەسێكی سویدی هەیە وەك برایەك بەردەوام هاوكاریم دەكات، ئەو منی بە گرووپێكی سویدی ئاشنا كرد، كە زۆر بەتوانان لە بواری موزیكدا، ئێستا كاریان لەگەڵدا دەكەم، بۆیە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكم خەرج نەكردووە، لێرەدا حەز دەكەم ئاماژە بە شتێك بكەم، بەداخەوە نازانم بۆ میللەتەكەمان، زوو بڕیار دەدەن بێ ئەوەی ئاگادار بن، یان زانیارییان هەبێت، هەر كاتێك من وێنەیەكم بڵاو دەكەمەوە دەست دەكەن بە پڕوپاگەندە گوایە ئەوە هاوسەری منە، هیوادارم لە زانیارییەكانیاندا ورد بن، ئینجا حوكم بدەن.
* دوایین كاری هونەریت چییە؟
- سەرقاڵی چەند كارێكی هونەریم بە زمانی سویدی و كوردی، هەوڵ دەدەم لە ماوەیەكی زوودا بە ئەنجامیان بگەیەنم و بڵاویان بكەمەوە.
* سویدییەكان چەند هاوكارت بوون لە درێژەدان و بەردەوام بوون لەسەر كاری هونەری؟
- من خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە لە سوید دەژیم، چونكە ئەوەی لە توانایاندا هەبێت، پاڵپشتییەكی زۆری منیان كردووە.
