حەوشەكەی ماڵی (عەلی مەردان) دەكرێتە مۆزەخانەكەیەك بۆ ئەرشیفەكانی
لە ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەند (عەلی مەردان) ژمارەیەك دۆست و كەسە نزیكەكانی لەسەر گڵكۆی ئەم هونەرمەندە ئامادەبوون و وەفا و سۆزی خۆیان بۆ ساڵیادی ئەم هونەرمەندە گەورەیە دەربڕی .
لە پێناو پاراستنی فەرهەنگی هونەریی كوردی و زیندوو ڕاگرتنی دەنگی هونەرمەندی دیاری كورد(عەلی مەردان) بڕیارە مۆزەخانەیەكی تایبەت بە ئەم هونەرمەندە درووست بكرێت .
لەم بارەیەوە (عەبدولفادر عەلی مەردان) ڕایگەیاند كە لە ئێستادا بەرنامەیەك هەیە بۆ درووستكردنی مۆزەخانەیەكی تایبەت بە كەلوپەلەكانی ئەم هونەرمەندە كە بریتییە لە دیاری ڕێزلێنانەكانی كە لە كوردستان و دەرەوەی وڵات پێشكەشی كراوە هەروەها ژمارەیەك كاسێت و قەوان, كوڕی ئەم هونەرمەندە زیاتر گوتی كە بەئەرشیفكردنی هونەری ئەم مەقامبێژە هەر لە حەوشەی ماڵەكەی (عەلی مەردان) دەبێت لە گەڕەكی تەكیەی شاری كەركوك .
هەروەها بڕیارە بە هەماهەنگی (ناوەندی عەلی مەردان) و بە بەشداری ژمارەیەك هونەرمەند بە كۆنسێرتێكی گۆرانی ساڵیادی كۆچی دوایی بكرێتەوە .
ئاسۆ كاكەیی
