مێسیی بەغدا لە کوردستان دەستی پێ کرد

مێسیی بەغدا  لە کوردستان دەستی پێ کرد

كورتە فیلمی «مێسیی بەغدا» لە دەرهێنانی دەرهێنەری كورد سەهیم عومەر خەلیفەیە كە براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە و، وەك فیلمێكی سینەمایی بەرهەم دەهێندرێت و، كاری وێنەگرتنی لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە.

مێسیی بەغدا  لە کوردستان دەستی پێ کرد

لەم بارەوە سەهیم عومەر بە گوڵانی راگەیاند: بودجەی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن وڵاتانی بەلجیكا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان دابینكراوە و، تەنیا لە هەرێمی كوردستان 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی لە بودجەی فیلمەكە، بۆ وێنەگرتن و بەرهەمهێنان خەرج دەكرێت. لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2021 وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە هەرێمی كوردستن دەستی پێ كردووە و تاوەكو مانگی تەممووزی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لۆكەیشنەكانی وێنەگرتنی فیلمەكە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر دەبێت، سەبارەت بە ستافی تەكنیكیی فیلمەكە، سەهیم عومەر گوتی: «ستافێكی پڕۆفیشناڵی بواری تەكنیكی سینەمایی لە كوردستان، بەلجیكا و هۆڵەندا بەشدارن و، هەریەك لە حسێن حەسەن، زەهرا غەندوور، ئەسیر عادل و عادل عەبدولڕەحمان لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەكی دەگێڕن، هەر یەكە لە هێندریك ڤێرتە لە رێگەی كۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەكشن (A Team Productions) لە بەلجیكا، محەممەد ئەكتاش لە رێگەی كۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی كوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدار دەبن».
سەهیم دەربارەی چۆنیەتیی بڵاوكردنەوەی فیلمەكە گوتی: «كۆمپانیای وایڵد بۆنچ (Wild Bunch) كە بەهێزترین كۆمپانیای بڵاوكردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەركی بڵاوكردنەوەی فیلمەكەی لە ئەستۆ گرتووە».
كورتەفیلمی «مێسیی بەغدا» لە 2012 بەرهەم هات و دەنگدانەوەیەكی جیهانیی هەبوو و، بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەكانی جیهاندا، یەكێك لە 10 كورتەفیلمەكانی كورتەلیستی فیلمە كاندیدكراوەكان بوو، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار وەك باشترین كورتەفیلم.
«مێسیی بەغدا» باس لە منداڵێك دەكات كە هەرچەند خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و، هۆگری یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن، لیۆنێل مێسییە.

مێسیی بەغدا  لە کوردستان دەستی پێ کرد

ئەم فیلمە بووە هۆكار كە كارەكتەری سەرەكیی فیلمەكە چاوی بە لیۆنێل مێسی بكەوێت و، دەزگایەكی بەریتانی هاوكاریی مادیی بۆ كۆكردەوە، لە ئێرانیش قاچێكی دەستكردی بۆ دروست كرا.
لە ساڵی 2017 بەڕێوەبەرایەتیی سینەما لە بەلجیكا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی «مێسیی بەغدا» بۆ فیلمێكی درێژ تەرخان كرد و، بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەكەی تەرخان كرد، كە ساڵانە تەنیا پاڵپشتیی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەكات.
بڕیاربوو كاری وێنەگرتنی فیلمەكە لە دەستپێكی ساڵی 2020 دەست پێ بكات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك تەواوی بەرهەمە سینەماییەكانی دیكە، لە جیهاندا كاریگەریی لەسەر وادەی وێنەگرتنی ئەم فیلمەش هەبوو.
ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی «زاگرۆس» كە 12 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیكا.
سەهیم عومەر خەلیفە دانیشتووی وڵاتی بەلجیكایە، لەرێگەی كورتە فیلمی «خاكی پاڵەوانان»، «مێسیی بەغدا»، زیاتر لە 120 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەكاندا بەدەست هێناوە و، دوو لە فیلمەكانی كاندیدی خەڵاتی ئۆسكار بوون، وەك باشترین كورتەفیلم، ئێستا یەكێكە لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلم لە ئەكادیمیای ئۆسكار و، لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی سینەماییەوە خاوەنی چەندین ریكۆردە لەسەر ئاستی كوردستان، عێراق و بەلجیكا.

Top