تەمەن تەنیا ژمارەیە
كاتێك پەیوەندیی خۆشەویستی و هاوسەری لە نێوان دوو كەسدا درووست دەبێت، ئەوا تەمەن توخمێكی كاریگەر و دیارە لەم پەیوەندییەدا، وا باویشە ئەگەر جیاوازیی تەمەن كەم بێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، ئەوا ئاساییە، لە هەمان كاتدا وا بە باش دەزانرێت كە بۆ هاوسەرگیری تەمەنی ئافرەت بچووكتر بێت لە پیاو، ئەمەش تا راددەیەكی زۆر ئاساییە.
ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، زیاتر بۆ كەسانی ئاساییە، بەڵام لە پەیوەندیی نێوان كەسایەتییە ناسراوەكاندا، وەك (هونەرمەند، مۆدێل، بزنسمانی ناسراو، كەسایەتییە سیاسییەكان) تەمەن تەنیا ژمارەیەكە، كە زۆر حسابی بۆ ناكرێت، هەردوو گۆڤاری (ڤیرال لۆك و هۆڵیۆد) لیستێكیان بەناوی ئەو كەسایەتییە ناسراوانە بڵاو كردۆتەوە، كە جیاوازییەكی زۆری تەمەنیان لەگەڵ هاوسەرەكانیاندا هەیە، لێرەدا دەیانخەینە روو:
• هایدی كلۆمی كە تەمەن (٤٩) ساڵ بوو، ماوەیەك بە نهێنیی پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ موزیسیان تۆم كالتیزی تەمەن (٢٩) ساڵ هەبووە، بەڵام دواتر پەیوەندییەكەیان ئاشكرا كرد.
• بریانكا شۆپرا لە تەمەنی (٣٦) ساڵیدا ژیانی هاوسەریی لەگەڵ وینك جۆناسی تەمەن (٢٦) ساڵ پێك هێنا.
• لە ساڵی ٢٠٠٠ كاتێك مایكڵ دۆگڵاس تەمەنی (٥٦) ساڵ بوو، ژیانی هاوسەریی لەگەڵ كاترینیا زیتا جۆنز-ی تەمەن (٣١) پێك هێنا، سەرەڕای تووشبوونی دۆگڵاس بە نەخۆشیی شێرپەنجە، بەڵام كاترین بەردەوام پاڵپشتی بوو.
• لە تەمەنی هەشت ساڵیدا جیسون موموا رایگەیاند كە سەرسامە بە لیزا بۆنیت و خەون بەوەوە دەبینێت، كە رۆژێك لە رۆژان ببێتە هاوسەری، لە ساڵی ٢٠١٧ كە تەمەنی گەیشتە (٣٧) ساڵ و لیزیش تەمەنی (٤٩) ساڵ بوو، ژیانی هاوسەرییان پێك هێنا و خەونەكەی هاتە دی.
• ساڵی 2007 ستیڤ ماترنی تەمەن (٦٢) ساڵ، ژیانی هاوسەریی لەگەڵ نووسەری ئەمریكی (ئان سترینگفیلد) پێك هێنا، كە ئەو كات تەمەنی (٣٦) ساڵ بوو.
• كاتێك لاری كینگ تەمەنی (٦٤) ساڵ بوو، لەگەڵ شۆن ساوسویكی تەمەن (٣٨) ساڵ رێككەوتن كە ژیانی هاوسەری پێك بهێنن، سەرەڕای جیاوازیی زۆری تەمەنیان، توانییان هاوسەگیری بكەن و ئەم پەیوەندییە تا ئێستا بپارێزن.
• لە ساڵی ١٩٩٧ كاتێك سیلڤستەر ستالۆنی پاڵەوانی زنجیرە فیلمەكانی (رامبۆ) تەمەنی گەیشتبووە (٥١) ساڵ، ژیانی هاوسەریی لەگەڵ جینیڤەر فلافینی تەمەن (٢٩) ساڵ پێك هێنا و، تا ئێستاش پەیوەندییەكی بەهێزی خێزانییان هەیە، كە ئەنجامەكەی سێ كچە.
• لە ساڵی ١٩٩٤ سیلین دیونی گۆرانیبێژی ناسراوی كەنەدی، ژیانی هاوسەریی لەگەڵ رینیە ئەنگلیل پێك هێنا و، ئەم پەیوەندییە بەردەوام بوو، تا ئەو رۆژەی رینیە كۆچی دوایی كرد و، سەلماندیان كە ئەگەر خۆشەویستیی راستەقینە هەبێت، تەمەن هیچ كاتێك نابێتە بەربەست، چونكە جیاوازیی تەمەنیان (٢٦) ساڵ بوو.
• رانیا فەرید شەوقی لە ساڵی ٢٠٠٧ ژیانی هاوسەریی لەگەڵ مستەفا فەهمی پێك هێنا، سەرەڕای ئەوەی كە جیاوازیی تەمەنیان (٣٠) ساڵ بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند.
• ئەستێرەی كۆچكردووی میسری (سەمیر غانم و دەلال عەبدولعەزیز)ی هاوسەری، كە بە دوانەیەكی سەركەوتوو و گونجاو ناسراون، سەرەڕای جیاوازیی نێوانیان لە رووی تەمەنەوە كە (٢٣) ساڵ بوو، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام كاری نایابیان پێشكەش كردووە، بەڵام پەیوەندیی خۆشەویستی لە نێوانیاندا درووستبوو و لە ساڵی ١٩٨٤ ژیانی هاوسەرییان پێك هێنا.
