چەند زانیارییەك دەربارەی پەیوەندی حوسام و شیرین و تۆمارە دەنگییەكە
ماوەیەكە ڕۆژنامەو میدیا عەرەبییەكان كەوتوونەتە باسی تۆمارە دەنگییەكەی باوكی حوسام حەبیب و بەشێك لە هونەرمەندان پشتگیری لە شیرین عەبدولوەهاب دەكەن .
تۆمارێكی دەنگی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كەناڵە عەرەبییەكان بڵاوبوویەوە كە تێیدا باوكی گۆرانیبێژو میوسزیان (حوسام حەبیب) هێرشی توند دەكاتە سەر هاوژینی كوڕەكەی كە ئەویش خانمە گۆرانیبێژی میسری(شیرین عەبدولوەهاب)ە .
لەم تۆمارە دەنگییە (حوسێن حەبیب)ی باوكی حوسام دەڵێت كە كوڕەكەی بەڵێننامەی هەیەو هەموو موڵك و سامانەكەی شیرین بەدەستیەوەیەتی, هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باس لە دووبارە ژنهێنانی حوسام دەكات و دەڵێت كە شیرین تەمەنی گەورەیەو چیتر منداڵی نابێت, ئەمانەو چەندین سوكایەتی و هێرشی تووند بەشێك بوون لە قسەكانی نێو ئەو تۆمارە دەنگییە بووەتە بابەتێك و تێكڕای كەناڵ و ڕۆژنامەكانی گرتووە .
لەدواییدا حوسێن حەبیب ڕوونكردنەوە دەدات و ڕەتیدەكاتەوە كە ئەوە دەنگی ئەو بێت و هەمووی دوورە لە ڕاستییەوە .
بەم هۆیەوە شیرین بێ دەنگی دەشكێنێت و ڕوونكردنەوە دەدات, شیرین لە تۆمارێكی دەنگی ڕایدەگەیەنێت كە هەرچییەك گوترابێت دوورن لە ڕاستی و لە ئێستادا هیچ كێشەیەكی نییەو پەیوەندی لەگەڵ (حوسام حەبیب)ی هاوژینی زۆرباشە, هەروەها لە بەشێكی دیكەی ڕوونكردنەوەكەدا شیرین ستایشی حوسام دەكات و بەرگری لێ دەكات,هەروەها شیرین دووپاتی كردەوە كە هیچ بەڵێننامەو نووسراوێكی یاسایی نییە كە پارەو موڵكەكانی لەژێر دەستی (حوسام حەبیب)ی هاوژینی بێت .
شیرین لە ڕوونكردنەوەكەیدا تەنها ستایشی هاوژینەكەی كرد و باسی لە پەیوەندی خێزانیی كرد بەڵام هیچ شتێكی دەربارەی تۆمارە دەنگییەكەی باوكی هاوژینەكەی نەكرد كە ئەوە ئەو بێت یان نا .
لەلایەكی دیكەوە حوسام حەبیب لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام كورتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا لەگەڵ شیرین و كچێكی دەركەوێت, لەم ڕوونكردنەوەیەدا حوسام حەبیب ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان دڵخۆشن و هیچ كێشەیەكیان نییە, هەروەها حوسام چەند زانیارییەكی نوێی خستەڕوو و گووتی كە شیرین كۆمپانیایەكی هەیەو شیرین هەرخۆی بەڕێوەی دەبات و پەیوەندی بە ئەووە نییە, سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی تۆمارە دەنگییەكە حوسام گوتی كە ئەو كەسە ئەگەر بەردەوام بێت بەیاسا مافی خۆی وەردەگرێتەوەو گرنگ نییە ئەو كەسە هەر كێ بێت و ڕادەی نزیكییەكەی چەند بێت لە ڕووی خێزانییەوە, هەروەها لە كۆتا بەشی قسەكانیدا حوسام حەبیب دەڵێت: هەر چاكەو شتێكی باش كە فێری بوومە دەگەڕێتەوە بۆ دایكم و ئەو "پیاوەی كە منی هێنایە دونیاوە" و هەمیشە سوپاسگوزاری دایكمم و زۆر كات پرسم بەدایكمەوە كردووەو لە زۆر بارودۆخدا پاڵپشتم بووە .
حوسام حەبیب لە ڕوونكردنەوەكەیدا تەنها وەكو (كەس) ناوی ئەنجامدەرەكە دەهێنێت و ئاشكرا ناكات كە ئەو كەسە كێیە .
بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكەی باوكی حوسام دەگەڕێتەوە بۆ لایەنێك كە گۆڤارێكەو بۆ ماوەی 6 مانگ كاریان لەسەر وەرگرتنی زانیارییەكان دەكرد, هەروەها حوسام حەبیب خۆیشی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام بێ ناوهێنان هێرش دەكاتە سەر ئەو لایەنەو تۆمارە دەنگییەك بڵاودەكاتەوە كە دەنگی خانمە میدیاكارێكەو دەڵێت بە ماوەی 6 مانگ توانیمان لەكەڵ ئەو پیاوەدا واتا باوكی (حوسام حەبیب) بگەنە چەند زانیارییەك, هەروەها لە كورتە ڤیدیۆیەكی دیكەدا هەر لە ئەنستگرام حوسام حەبیب وەڵامی ئەو خانمە ڕاگەیەندكارە دەداتەوەو دەڵێت: ڕەتكردنەوەی تۆماری دەنگییەكە گرنگ نییەو حاشای لێ ناكەم.. ئەو بێت یان ئەو نەبێت پەیوەندی بە منەوە نییە..ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەبێت خێزان و منداڵەكان و ژیانی تایبەتی خۆمە .
لەلایەكی دیكەشەوە.. خانمە ڕاگەیەندكاری لوبنانی (نضال الاحمدية) كە خاوەندارێتی گۆڤارێك دەكات, وەڵامی هێرشەكانی حوسام حەبیب و شیرین عەبدولوەهاب دەداتەوە, هەروەها ڕایگەیاند كە سكاڵای یاسایی لە دژی (حوسێن حەبیب)ی باوكی هاوژینی شیرین عەبدولوەهاب تۆمار دەكات, بەو پێیەی كە ئەوان وەكو گۆڤارەكە لە بڵاوكردنەوەی تۆمارە دەنگییەكەی باوكی حوسام پشتیان بە زانیاری وورد و سەرچاوەی درووست بەستووە .
ئاسۆ كاكەیی
