"مێسیی بەغدا" لە کوردستان دەستیپێکرد یەکەم هەنگاوی نا
کورتەفیلمی "مێسیی بەغدا" لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیە کە براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەم دەهێندرێت و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
بودجەی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن بەلجیکا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دابینکراوە و تەنها لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە بودجەی فیلمەکە بۆ وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی خەرج دەکرێت.لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2021 وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە هەرێمی کوردستن دەستیپێکردووە و تاوەکو مانگی تەممووزی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لۆکەیشنەکانی وێنەگرتنی فیلمەکە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر دەبێت. ستافی تەکنیکی فیلمەکە لە کوردستان، بەلجیکا و هۆڵەندا بەشدارن و هەریەک لە حسێن حەسەن، زەهرا غەندور، ئەسیر عادل و عادل عەبدولڕەحمان لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن (A Team Productions) لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدار دەبن.
کۆمپانیای وایلد بۆنچ (Wild Bunch) کە بەهێزترین کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
