هەر پرۆژەیەك لە ماوەی دیاریكراودا تەواونەكرێت، خاوەنەكەی سزا دەدرێت
بڕیاردرا ئەگەر هەر پڕۆژەیەک لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو نەکرێت، ئەوا خاوەنەكەی ڕووبەڕووی سزای قورسی دارایی بکرێتەوە. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند كە دەستەكەیان بڕیارێکی نوێی دەرکردووە تایبەت بەو كەسانەی پڕۆژە وەردەگرن، بەپێی ئەو بڕیارە ، دەبێت لە ماوەی یاسایی خۆیان کە بۆیان دیاریکراوە پڕۆژەکە تەواو بکەن ، جا ئەو ماوەیە هەر چەند بێت، ئەگەر لەو ماوەیەشدا تەواویان نەكرد ئەوا دەستەكە ناچار دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئەو پڕۆژانە بەپێی سێکتەرەکان جیا نەکراونەتەوە، پرۆژەكان هەر جۆرێك بن، چ کارگە بێت یان ھەر پڕۆژەیەکی دیکە.. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە كە لە ساڵانی رابردوودا و لە ئێستاشدا زۆر پرۆژە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون یان کارکردن لە زۆربەیاندا ڕاگیراوە.
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەیان پرۆژە خراونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە یان پلان بۆ ئەنجامدانیان دانراوە، بە هۆی بارودۆخی داراییش تا ڕادەیەك حكومەت بواری بە خاوەن پرۆژەكان دابوو، بەڵام بەپێی ئەو بڕیارەی دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی كوردستان لەمەودوا چاوپۆشیی لە تەواونەكردنیان ناكرێت.
