بڕیاری نوێی پارێزگاری هەولێر لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ

بڕیاری نوێی پارێزگاری هەولێر لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر دوای چەند کاژێرێک لە کۆبوونەوە رایگەیاند، له‌ کاژێر 12ی ئه‌مشه‌و تاوه‌كو رۆژی سێشەممە 21-07-2020 رێكاره‌كان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر به‌هەمان شێوه‌ی هەفتەی رابردوو بەردەوام ده‌بێت.

رۆژی شەممە 18-07-2020، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکی دوو خاڵیدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

یەکەم: له‌ كاژێر 12:00ی ئه‌مشه‌و 18 له‌سه‌ر 19ی 07-2020 ، تاوه‌كو رۆژی سێشەممە 21-07-2020 رێكاره‌كان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر به‌هەمان شێوه‌ی هەفتەی رابردوو بەردەوام ده‌بێت.

دووەم: رۆژی سێشەممە 21-07-2020 لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیاری یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبێتەوە و تێیدا رێکاری تایبەت و بڕیاری سەرتاسەری بۆ تەواوی پارێزگاکان و یەکە سەربەخۆکان دەدرێت.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر لەبارەی رێکارە نوێکان گوتی "رێکارەکان چەند تووندوتۆڵتر بن لەبەرژەوەندیی خەڵکن، ئەو رێکارانەش کە هەن خۆپارێزین و قەدەخەی هاتووچۆ راناگەیێنن".

بە گوتەی هێمن قادر، ئەو رێکارانەی کە رادەگەیێندرێن "گۆرانکارییەکی ئەوتۆیان نابێت" لەگەڵ رێکارەکانی ئێستا، بەڵکو زیاتر جەخت لەوە دەکرێتەوە لیژنەکانی قایمقاییەت و چاودێریی بازاڕ رێنمایی زیاتری هاونیشتمانیان بکەن و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو خاوەن کارانە بکەن کە پابەندنابن.

هەر ئەمڕۆ شەممە 18-07-2020، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژندا رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک لە رۆژانی جەژندا قەدەخەی هاتووچۆ راناگەیێندرێت، بەڵام داوای لە خەڵک کرد کە پابەندی رێنماییەکان بن و لە شوێنە گشتییەکان قەرەباڵخی دروست نەکەن.

رۆژی 11-07-2020، بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر، له‌ سنووری سه‌نته‌ری شار و سه‌رجه‌م قه‌زاكانی دیكه‌ی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌ كاژێر 12ی شه‌و تاوه‌كو 05:00 به‌یانی، سه‌رجه‌م بازاڕ و دووكانەکان داخران، جگه‌ له‌ ده‌رمانخانه‌كان. هەروەها هاتووچۆی لەنێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق به‌داخراوی مانەوە. ئەم بڕیارانە وەکخۆی بەردەوام دەبێت، تاوەکو رۆژی 21-07-2020.










رووداو
Top