ڕاپەڕین.. یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان کەوتە واری جێبەجێکردنەوە
ھیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕايگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە پشتبەستن بە یاسای تایبەت بە خانووە زێدەڕۆکان کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، دەست دەکەین بە کاری تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین".
گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستەش کاری پێویست کراوە و لە ھەفتەی داھاتووەوە ھاووڵاتییان دەتوانن لە ھەر ١٥ شارەوانیی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانیان پێشکەش بکەن".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین باسی لەوەش کرد: "نرخی تاپۆکردنەکە بە گوێرەی ناوەندی شوێنەکە (قەزا، ناحیە، گوندی خاوەن شارەوانی)یە و دوای کۆکردنەوەی داھاتەکەش، بڕێک لە داھاتەکە بۆ شارەوانییەکان و لیژنەی ڕاییکردنی کارەکان و بڕێکیش بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێتەوە".
باسنيوز
