ئەو پیاوەی بە دیار تەرمی ژنەکەیەوە کەلەپچەکرابوو: هاوارم دەکرد و کەس بەهانامەوە نەهات

ئەو پیاوەی بە دیار تەرمی ژنەکەیەوە کەلەپچەکرابوو: هاوارم دەکرد و کەس بەهانامەوە نەهات
محەممەد هاوژینەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبوو و دۆخی لەو پەڕی خراپیدابوو. بەهۆی دەمەقاڵێی لەگەڵ کارمەندێکی نەخۆشخانەکە و شکاندنی ئامێرێک، هێزە ئەمنییەکان بە تەختی خەواندنی نەخۆشەکەوە قۆڵبەستیان کرد. دەڵێت، هیچ کارمەند و پزیشکێک بەدەم هاوژینەکەیەوە نەچوون تاوەکو گیانی لەدەستدا.

محەممەد کەریم هاونیشتمانییەکی کەرکووکە، هاوژینەکەیشی ناوی مونایە و بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا گوتی، هاوژینەکەی لە بەرچاوی خۆی بەدەم ئازارەوە گیانی لەدەستدا و بەهۆی ئەوەی قۆڵبەستکرابوو، نەیتوانیوە بچێت بە هانایەوە.

دوای ئەوەی مامۆستا محەممەد بە کەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازادکرا، هاوڕێیەتی تەرمی مونای هاوژینی کرد بۆ گۆڕستان تاوەکو "گۆڕێکی شایستەی بۆ ئامادە بکات". لەبارەی دوایین چرکەساتی گیانلەدەستدانی مونا دەڵێت، "بوتڵێکی ئۆکسجینیان بۆمان هێنا، خستمانە سەر ئامێرەکە، بەتاڵبوو، هەتاوەکو بوتڵێکی دیکەیان هێنا و داماننا، هەناسەی نەما، هەر دەستم بەسترابوو و هاوارم دەکرد".

مونا ئیسماعیل هاوژینی محەممەدە، تەمەنی 46 ساڵان بوو و دایکی دوو منداڵبوو. نەخۆشی درێژخایەنی نەبووە، بەر لەهەفتەیەک کە دۆخی تەندروستیی تێکچووە، براوەتە نەخۆشخانە. مامۆستا محەممەدی هاوژینی کە چاودێریی کردووە دەڵێت "کەس بەدەم هاواری نەخۆشەکانەوە نایات، ئۆکسجین و چارەسەرییەکانیش لەنێو نەخۆشخانەکە بازرگانییان پێوەدەکرێ".

بە گوتەی محەممەد، لەو نەخۆشخانەیە کەس بە نەخۆشەکان ناڵێت پێویستیان بە ئۆکسجینە یان نا، یان ئەوەی بچن بوتڵی ئۆکسجینەکان بگۆڕن، "هەر نەخۆشێک خۆی سکیوریتی خۆی لەگەڵدایە و بوتڵەکان دەگۆڕێ و چاودێریی دەکات".

مونا هەناسەتەنگییەکەی بەهێزبووە، بە گوتەی محەممەد، پزیشک پێی گوتووە ئاگاداری هەناسەدانی بێت "هەر دەیگوت ئاگاداری هەناسەی بە، ئۆکسجینی لێ نەبڕێت و زوو زوو بۆی بگۆڕە. گوتم دکتۆر بوتڵ، گوتی کاری من نییە، دەفرۆشرێ هەموو شتێک دەفرۆشرێت، من خۆم کڕیم".

ئێستا تەندروستیی کەرکووک سکاڵایان لەسەر مامۆستا محەممەد تۆمارکردووە. محەممەد کە خۆیشی بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ هاوژینەکەی تووشی ڤایرۆسەکە بووە، کەسوکاری راسپاردووە تاوەکو لەسەر مردنی هاوسەرەکەی سکاڵا لەدژی نەخۆشخانەکە تۆماربکەن. ئەحمەد کەریم برای محەممەدە و دەڵێت، "ئێمە هەستمانکردووە زۆر کەمتەرخەمی کراوە.. بەنیازین سکاڵا تۆماربکەین دژی کارگێڕیی نەخۆشخانەکە و بەڕێوەبەرەکەش".

بەپێی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی کەرکووک، دوو هەزار و 426 تووشبوو لەو پارێزگایە تۆمارکراون کە 123 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

تەندروستیی کەرکووک وێنەی ئامێرە شکاوەکە و راگەیێنراوێکیان لەسەر ئەو رووداوە بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، "بەهۆی هێرشی نامرۆڤانەی هاوڕێی نەخۆشێکەوە ئامێری ڤێنتیلەیتەری تایبەت بە تووشبووان شکاوە و سکاڵای یاسایی لەسەر هێرشکارەکە تۆمار دەکەین".

لەسەر رووداوەکە مامۆستایانی کەرکووک گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان لەبەردەم نەخۆشخانەکە ئەنجامداو داوایان کرد مامۆستا محەممەد وەک زوڵملێکراو قەرەبووبکرێتەوە. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر کەلەپچەکردنی مامۆستا محەممەد لەکاتی مردنی هاوسەرەکەی هاتووەتە دەنگ و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق کردووە تاوەکو رێکاری پێویست بگرنەبەر.








رووداو
Top