دەرمانەکەی ئاوامێدیکا تایبەت بە کۆرۆنا لە پشکنینی تەندروستیی عێراق دەرچوو
ناوەندی نیشتمانیی چاودێری و توێژینەوەی دەرمانی عێراقی لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەرمانی دژەڤایرۆسی فابیڤیر کە کۆمپانیای ئاوامێدیکا بەرهەمیدەهێنێت لە پشکنینی تاقیگەیی فیزیایی، کیمیایی و بایۆلۆژی دەرچووە.
پێشتر د. شاخەوان زاهیر، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیاکە راگەیاندبوو، دوای ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەکان دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر [کە ناوە زانستییەکەی "Favipiravir"ە]ـیان بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بەرهەمهێناوە، "یەکەم بڕی ئەو دەرمانەیان رەوانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کردووە تاوەکو دابەشی بکات بەسەر سەرجەم ناوەندەکانی چارەسەری کۆرۆنا".
بە گوتەی د. شاخەوان زاهیر، دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر لە حەب پێکهاتووە و هەر پاکەتێکی 40 دەنکی لەنێودایە، دوای ئەوەی ئەو دەرمانە بۆ بەرکەوتووانی کۆرۆنا لە جیهان بەکارهێنراوە، عێراق ماوەی 15 رۆژە ئەو دەرمانەی لە پرۆتۆکۆڵی خۆی جێگیرکردووە؛ لەگەڵ کۆمپانیای Glenmarkـی هیندستانی بە نرخێکی هەرزان ئەو حەبەیان بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق دابینکردووە.
کۆمپانیای ئاوامێدیکا لە ساڵی 2006ـەوە دامەزاراوە و لە ساڵی 2009وە دەستی بە بەرهەمهێنانی دەرمان کردووە. بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیای دەرمانی ئاوامێدیکا دەڵێت، نزیکەی چوار مانگە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن و لە کۆتاییدا توانیویانە دەرمانەکە بەرهەمبهێنن.
کۆمپانیای ئاوامێدیکا دەرمانەکەی بە شێوازی "under license" دروستکردووە؛ ئەوەش واتە، تەکنەلۆژیاکەیان لە کۆمپانیایەکی دیکە وەرگرتووە و دەرمانەکەیان دروستکردووە. د. شاخەوان کوالێتیی دەرمانەکەیان بە باشتر لە کوالێتیی دەرمانە رووسییەکە دەزانێت و دەڵێت "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانی Glenmarkـی هیند کرد و ماددە خامەکانیان بۆ ناردین، ئێمەش دەستمان بە بەرهەمهێنان کرد".
رووداو
