وەزارەتی شارەوانی سەرلەنوێ ئەنجوومەنی شارەوانییەكان پێك دەهێنێتەوە

وەزارەتی شارەوانی سەرلەنوێ ئەنجوومەنی شارەوانییەكان پێك دەهێنێتەوە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازيی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ باشتر راییكردنی كاروباری شارەوانییەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگە و قەزا و ناحیەكان سەرلەنوێ پێك دەهێنێتەوە.

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كردووە كە بە گوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019ی تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان و بەبڕیاری ژمارە (32) كە لە كۆبوونەوەی ژمارە (12)ی ئەنجوومەنی وەزیران لە 30/10/2019 پەسەند كرا كە لە ژمارەی 246 لە 27/1/2020 لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون.\

بەگوێرەی ماددەی دووەمیش لە پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019، ئەنجوومەنی پارێزگەکان ڕادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاری دەکرێن، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بەڕێژەی 75% لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن، بەمەش یەکەم جارە لە مێژووی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێکخراوەکان ڕاستەوخۆ بەشدارن لە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکاندا دەدرێن.

بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراون:

یەكەم:
بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە (٦) ساڵی (١٩٩٣)ی هەموارکراو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر (پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێریش 17 ئەندام دەبن، ڕێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان دەبێت كە دەكاتە 13 كەس و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت كە دەكاتە 4 ئەندام. بەمشێوەیە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانی دەكات، ئەندامەكانی تر لە سەرۆكی فەرمانگەكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

دووەم:
سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەوە 13 كەس دەبن، بە هەمان شێوە رێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان كە دەكاتە 10 ئەندام و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكانە دەكاتە 3 ئەندام و ئەنجوومەنەكە، سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

سێيەم:
شارەوانییەكانی (پلە 1) لە قەزاكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 14 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 11 ئەندام. ئەوانيش 8 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 3 ئەندام لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

چوارەم:
شارەوانییەكانی (پلە 2) لە ناحیەكان لە سەرتاسەری كوردستان ژمارەیان 33 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 9 ئەندام ، 7 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەییەكان. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

پێنجەم:
شارەوانییەكانی (پلە 3) ژمارەیان 35 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 7 ئەندامن، لەو حەوت كەسە، 5 ئەندامیان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.

شەشەم:
شارەوانییەكانی (پلە 4) ژمارەیان 95 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 5 ئەندامن، 3 ئەندام لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش لە نوێنەری رێكخراوەكان دەبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ماوەی 20 ساڵ بوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتبوو، لەكاتێكدا دەبوو هەر چوار ساڵ جارێك لە خولی نوێدا ئەو ئەنجوومەنانە بەڕێوە ببرێن، ئەمەش ببووە هۆی گلەیی هاووڵاتییان لە سستیی كارەكانیان.













باسنيوز



Top