تورکیا دەیەوێت دەست بەسەر چیایەکی سنووری ئامێدیدا بگرێت
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ راگەیاند، "ئەوە مانگێکە تورکیا لەسەر سنوور دەستی بە هیزکۆکردنەوە کردووە. ئەگەر پێشتر 20 سەرباز لە سەنگەرێکدا بووبن، ئێستا کردوونیەتە 40".
پار شەش لە 76 گوندی کانی ماسێ چۆڵیان کردووە. ئەمساڵ مەترسیی چۆڵبوونی هەندێک گوندی دیکە هەیە، بەتایبەت 10 گوندی دەوروبەری چیاکانی کێستە و بێشیش.
بێدهـ یەکێکە لەو گوندانەی 240 خانووی تێدایە، بەڵام ئێستا 20 خێزان لە ماڵەکانیاندان و ئەوانی دیکە لەبەر بەردەوامیی بۆردوومانەکان چۆڵیان کردووە. دوایین بۆردوومان زیانی ماددیی بە هاونیشتمانییان گەیاندووە.
فەرەیدون شێبا هاونیشتمانییەکی گوندەکەیە و دەڵێت، "هەموو چیاکانی دەوروبەرمان بۆردوومان دەکرێن و مرۆڤ ناتوانێت بچێتە دەرەوە. لەبەر بۆردومان نازانین بچینە کوێ. کاتێک دەچینە نێو باخ و بێستانەکانمان دەستمان لەسەر دڵمانە".
نەوفەل ئەبونوئێل، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "ئێمە لە بەغدا لەبەر تیرۆریستان هەڵهاتین و هاتینە ئێرە. کەچی لێرەش بەردەوام بۆردوومان و مەترسیمان لەسەرە. ئەوە لەوێ هەڵهاتین، ئەی لێرە بۆ کوێ بچین؟"
تورکیا بە پانیی 50 کیلۆمەتر و درێژایی 30 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو سنووری پارێزگای دهۆکەوە. لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ لە رۆژی 17ی مانگی رابردووەوە بنکەکانی خۆی لە 12 شوێنی ستراتیژیی سنووری زاخۆ داناون.
رووداو
