ئەندامێكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان: هەنگاوەکانی یاسای چاكسازی بە کردار دەچنە پێش

ئەندامێكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان: هەنگاوەکانی یاسای چاكسازی بە کردار دەچنە پێش
ئەمڕۆ دووشەممە ئەندامێكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە یاسای چاكسازی چووەتە بواری جێبەجێكردن و ئەوانەی بە نایاسایی سوودمەند بوون، دەیانەوێ بەربەستی بۆ دروست بكەن.

د. محەمەد رێکانی ئەندامی داواکاری گشتی رایگەیاند "دەركردنی رێكار و رێنمایی بەشێكی گرنگن بۆ ئەوەی بڵێین یاسای چاكسازی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو كارانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە چاكسازی لە نیەت و باسكردن چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، گرنگە بە كردار شتەكان ببیندرێن و گەشبینین ئەوە بكرێ".

ڕێكانی هەروەها گوتی هەنگاوەکانی چاكسازی بە کرداری دەچنە پێشەوە، بەرژەوەندیی هەندێک کەسی بەرپرس کە تا ئێستا بە نایاسایی سوودمەند بوون، دەكەوێتە مەترسیەوە، بێگومان ئەوانە بەربەست دروست دەکەن و هەوڵی دروستكردنی ئاستەنگی بۆ دەدەن، بۆیە دەبێ هەنگاوەکان بە پەلە بن و ڕێگەی دەستێوەردان نەدرێت.

ئەندامەكەی داواكاری گشتی جەختیشی كردەوە "زۆر گرنگە دەرەنجامە باشەکان وەک زیادبوونی داهات و کەمبوونی خەرجییەكان و ژمارەی بڕینی مووچە نایاساییەکان پێشانی خەڵک بدرێت، بۆ ئەوەی حكوومەت متمانە و پشتگیری هاووڵاتییان زیاتر بە دەست بێنێت".


رێكانی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوان وەكو داواكاری گشتی، چاودێری جێبەجێكردنی رێكارەكانی یاساكە دەكەن، چونكە بەپێی یاسا لە هەر شوێنێک سەرپێچی بکرێت، دەبێت داواکاری گشتی لێی ئاگادار بکرێتەوە، بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان.

پاش ئەوەی یاسای چاكسازی لە رۆژی 16ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ پەسەند كرا، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران چەند رێكار و پەیڕەوێك دەركراوە و چەند رێنماییەكیش دەركراوە، لە 1ی تەمووزی ئەمساڵیشدا بە كردار دەست كراوە بە جێبەجێكردنی یاساكە.













باسنيوز





Top