تورکیا گوندێکی کانی ماسێ تۆپباران دەکات
تۆپبارانەکە کاژێر 06:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11-07-2020 بووە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی کانی ماسێ راگەیاند، "تاوەکو ئێستا تورکیا شەش گوللە تۆپی لەنێو گوندەکە داوە و زیانی بە 10 خانوو گەیاندووە، جگەلەوەش زیانی ماددی بە رەز و بێستانی هاووڵاتیان گەیاندووە".
بەگوتەی بەڕێوەبەری شارۆچکەی کانی ماسێ، یەکەم جارە تورکیا نێو گوندەکە تۆپباران دەکات و دەشڵێت "لە بەیانییەوە دەنگی فڕۆکەی چاودێری لە ئاسمانی ناوچەکە دەبیسترێت و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە".
رۆژی چواری ئەم مانگەش تۆپخانەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی بێدهێ لە سنووری ناحیەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی تۆپباران کرد، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
لە ماوەی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، تاوەکو ئێستا چوار کەسی سڤیل لە سنووری قەزای ئامێدی گیانیان لەدەستداوە.
لە ماوەی رابردوودا و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چڕنووکی پڵنگ"، تورکیا لە 24 شوێنی ستراتیژیی سنووری ناحیەی باتیفا جێگیربووە، پێشتر و لە 37 ساڵی رابردوودا 24 بنکەی دیکەی سەربازیی لە سنووری نێروەییەکان و کانێ ماسێ داناوە. بەرپرسێکی سەربازیی لە ناحیەکە پێشتر راگەیاندبوو کە "ئەگەر رێگریی لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا نەکرێت، پلان هەیە هەرسێ ناحیەی کانی ماسێ، باتیفا و دەرکارێ بەتەواوی لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێن."
لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا بە درێژایی 45 بۆ 50 کیلۆمەتر و قووڵایی 15 بۆ 30 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو سنووری ناحیەی باتیفا. بۆیە ئێستا حکومەتی عێراق هێزەکانی پاسەوانیی سنووری لە سێ شوێن لە سنووری هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکار نزیک ئەو ناوچانەی لەلایەن تورکیا بۆردووماندەکرێن، جێگیرکردووە، لە هەر یەکە لە بەرزاییەکانی کەلا شابانیێ و سیار بەنا لە سنووری باتیفا و کەلا دێرێ لە سنووری شارۆچکەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ.
رۆژی 22ـی مانگی رابردوو بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستان، شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی دهۆکی کرد. شاندە باڵا سەربازییەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن حامید عەبدوڵڵا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکیان کرد.
رووداو
