لە خۆشناوەتیی ڕانیە وەرزی بەرھەمھێنانی بنێشتەتاڵە دەستی پێ کرد
ماوەی چەند ڕۆژێکە خاوەن دارەبەنەکان دەستیان کردووە بە لێدانی (کوچەڵە)ی قوڕینە لە دارەکان بۆ ئەوەی ئەو شیلەیەی لە شێوەی بنێشت لە شوێنی برینی دارەکان دێتە دەرەوە، بچێتە ناو کوچەڵە قوڕینەکەوە.
بۆ دروستکردنی ئەو کۆچەلەیەش خاوەندارەکان خۆڵێکی تایبەت بەکار دەھێنن و دوای ئەوەی دەیکەنە قوڕ، لە قەدی دارەکەی دەدەن.
دوای چەند جارێک بریندارکردن و پڕبوونی کوچەڵەکە لە شیلەی بنێشت کە ماوەی مانگێک دەخایەنێت، خاوەندارەکان بنێشتەکە لێ دەکەنەوە کە بڕەکەی بۆ ھەر دارێکی ئەستووور و گونجاو، نزیکەی١٠ کیلۆگرامە.
ئەم شیلەیە کەلە دارەبەن دەگیرێت، بۆ بەرهەمهێنانی بنێشتی خۆماڵی (کوردی) ڕەوانەی بازار دەکرێت، پاش کوڵاندن و پاڵاوتنی بە چەند قۆناغێک، ئەوکات بەکار دەهێندرێت.
لە هەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی دارەبەنێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە و ساڵانە خەڵکێکی زۆر بە بەرهەمهێنانی "بنێشتەتاڵە"ەوە سەرقاڵن، بەڵام کارگەی تایبەت بۆ ساغکردنەوەی ئەم بەرهەمە خۆماڵییە و پاڵاوتنی بە شێوەی تایبەت و سەردەمیانە نییە.
باسنيوز
