وەزارەتی پێشمەرگە: لە 10 هەزار کەمئەندامی سەنگەر، نیوەیان لە پشکنینەکان دەرنەچوون

وەزارەتی پێشمەرگە: لە 10 هەزار کەمئەندامی سەنگەر، نیوەیان لە پشکنینەکان دەرنەچوون
چاکسازی لە خانەنشینی پێشمەرگە دەستیپێکردووە، ئەمەش بەگوێرەی یاسای چاکسازی کە دەبێت سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی خانەنشینی بخرێنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.

پێشمەرگە سێ بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی هەیە، بەڕێوەبەرایەتیی وەزارەت و هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی یەکەی 70 و 80، جگە لەوانە زیاتر لە سێ هەزار کەس راستەوخۆ مووچەی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن کە بودجەی مانگانەیان دەکاتە نزیکەی دوو ملیار دینار.

جگە لە خانەنشینی سەربازی، لیستی کەمئەندامانی سەنگەر کە نزیکەی 10 هەزار کەس دەبن، چاکسازیی تێدا دەکرێت، بە گوتەی لیوا سەرحەد جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشتر وەزارەتەکەیان پشکنینی پزیشکیی بۆ سەرجەمیان ئەنجامداوە کە نیوەیان لە پشکنینەکان دەرنەچوون، بەڵام تاوەکو ئێستاش مووچەکانیان وەردەگرن.

لە هەرێمی کوردستان شەش بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سەربازی و مەدەنی هەن. ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی سەرقاڵی دانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە بۆ کۆکردنەوەی ناوی سەرجەم خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی ئەو مووچانە دەستنیشانبکرێن کە بە نایاسایی دراون، کە چاوەڕوان دەکرێت بە هەزاران بن، لەگەڵ رەچاوكردنی پێگەی ئەو كەسانەی كە بە شێوازێكی تایبەت رۆڵیان هەبووە لە شۆڕشەكانی رزگاریخوازی كوردستان.

بە گوتەی رێمەند خالید، بەرپرسی بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی، سیستەمێک دانراوە کە هەر خانەنشینێک لە دەرەوەی ئەو سیستەمە بێت "سیستەمەکە قبووڵی ناکات"، دەشڵێت، بۆنموونە لە سیستەمەکەدا کە ناوەکان داخڵدەکرێن پێویستە راژەکان دیاریبکرێن، ئەگەر راژە دیارینەکرێت ئەوە مووچەی خانەنشینی دابین ناکرێت، بەمەش خانەنشینی نایاسایی نامێنێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی، لە هەرێمی کوردستان 247 هەزار کەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، کە 91 هەزاریان پێشمەرگەن، کۆی پارەی مووچەی یەک مانگی خانەنشینان زیاتر لە 110 ملیار دینارە، کە دەکاتە 12%ی کۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ مووچە تەرخاندەکرێت.







رووداو
Top