هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسێكی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد

هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسێكی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی تەمووزی ٢٠٢٠، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسێكی دێرینی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

كەمێك لەمەوبەر شڤان شێرزاد، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”ئێستا باوكی ئازیزم چاوی لێكنا، خوات لەگەڵ مامۆستا و باوە گیان“.

لەمبارەیەوە عەبدولڕەحمان فەرهادی، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد، راگەیاندراوێكی بەناوی لقەكەی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: ”بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ئەندامی لقەکەمان نووسەر و ڕۆژنامەنووس شێرزاد عەبدولڕەحمان ڕادەگەیەنین کە بەھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٧/٨ کۆچی دوایی کرد“.

بەم بۆنەیەشەوە پرسە و سەرەخۆشیی یەكێتییەكەی بە کەسوکار و بنەماڵەی شێرزاد عەبدولڕەحمان و ھاوڕێیانی ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی ٦ی تەمووزی ٢٠٢٠، زاهیر عەبدوڵا، هونەرمەندی ناسراوی هەولێر لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە“شێرزاد عەبدولڕەحمان باری تەندرووستی ناجێگیرە“.

شێرزاد عەبدولڕەحمان، لە ساڵی ١٩٥٨ لە گەڕەكی تەیراوەی هەولێر لەدایك بووە، ساڵی ١٩٧٠ لە رادیۆی كوردیی بەغدا بە گۆرانیی (دۆستە دۆستە) دەستی بە كاری هونەری كردووە، دواتر گۆرانیی (لیمۆ ھەی لیمۆ)ی بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن تۆمار كردووە. هەروەها لە دوای ئەو سەردەمەشەوە دەستی بە كاری رۆژنامەنووسی كردووە. ماوەیەكی زۆرە بەدەست شێرپەنجەوە دەناڵێنێت.











باسنيوز



Top