وتەبێژی حکومەتی عێراق: دەستور بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستوری بەردەوامە لەبارەی چەندین پرسی هەڵپەسێردراو، دەشڵێت، "دەستور دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لەنێوان بەغدا و هەولێر".
ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی حکومەتی عێراق دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گفتوگۆکانی شاندی هەرێم و بەغدا رایگەیاند، "سەردانی شاندەکان لەهەردولا بەردەوامن بە ئامانجی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕال لەسەر بنەمای دەستور".
ئێمە لە بەغدا جگە لە گفتوگۆ هیچی دیکەمان نییە، هەمو هێزە سیاسییەکان لە کوردستان بڕوایان بە گفتوگۆ هەیە
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لە بەغدا جگە لە گفتوگۆ هیچی دیکەمان نییە، هەمو هێزە سیاسییەکان لە کوردستان بڕوایان بە گفتوگۆ هەیە، زۆر شاند لە هەرێمەوە هاتونەتە بەغدا و زۆر شاندیش لە حکومەتی فیدڕاڵی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوە لەپێناو چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا".
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکردوە، لەپێناو قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی عێراقدا لەگەڵ حکومەتی ناوەند پێویستی بە کار زیاتر و گفتوگۆی زیاترە.
گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوت و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراقدا چڕبونەتەوە
دوای دەستبەکاربونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوت و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراقدا چڕبونەتەوە.
هەرچەندە ماوەیەكی زۆرە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی لە گفتوگۆدان بەمەبەستی گەیشتنە رێككەوتن لەسەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان بەتایبەت پرسی موچە و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا ئاسۆیەكی رون نییە بۆ گەیشتنە رێككەوتن.
لە دوایین کۆبونەوەشدا کە 25ی مانگی رابردو لە نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بەڕێوەچو، جارێكی دیكە بەغدا شاندەکەی هەرێمی بەدەستی بەتاڵ ناردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بڕی ئەو پارەیەی بەغدا ئامادەبوە بیداتە هەرێم لەبەرامبەر داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان و داهاتی ناوخۆ زۆر كەمتر بوە لە چاوەڕوانییەكانی حكومەتی هەرێم.
خەندان-
