لەبارەی كڕینی دەرزییەك بۆ چارەسەری كۆرۆنا بە ٥٠٠ دۆلار هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدرێ
بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وا تێگەیەندراون كە دەرزیی تایبەت بە چارەسەری هەڵاوسانی جومگە و رۆماتیزم (Actemra) چارەسەرە بۆ تووشبوانی پەتای كۆرۆنا، بۆیە بە نرخێكی بەرز كڕیویانە.
لەمبارەیەوە هاووڵاتییەكی شاری سلێمانی راگەیاند كە پاش ئەوەی زانیویەتی تووشی پەتای كۆرۆنا بووە، لە لایەن نەخۆشخانەوە پێی گوتراوە كە ئەم دەرزییە چارەسەرە و بڕی ٥٠٠ دۆلاری پێداوە.
ئەم جۆرە دەرزییە تەنیا لە دەرمانخانە زۆر گەورەكان هەیە، چونكە نرخەكەی زۆر بەرزە و دەرمانسازەكانیش دەڵێن كە ئەوان بەو كەسانەی دەفرۆشن كە ڕەچەتەی پزیشكیان هەیە و نەخۆشیی رۆماتیزمیان هەیە.
لەمبارەیەوە عه‌دنان شێروانى، پزیشكی دەرمانساز و جێگرى سه‌رۆكى سه‌ندیكاى ده‌رمانسازانى كوردستان ڕاگه‌یاند، ئه‌و جۆرە دەرزییە، له لایه‌ن كۆمپانیاكانى دهرمانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و وەزارەتی ته‌ندروستى له‌گه‌ڵ كوالێتىی كۆنترۆڵ ڕێگه به هێنانی ده‌رمان ده‌ده‌ن، بەڵام ”ئێمه وه‌كوو سه‌ندیكا هیچ ئاگادارییه‌كمان نییه كه ئه‌م ده‌رمانه هێندرابێت بۆ نه‌خۆشىی كۆر‌ونا و له ده‌رمانخانه‌كانى ئێمه بفرۆشرێت“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە دەرزیی (Actemra) لە دەرمانخانەكاندا مامەڵەی پێوە ناكرێت، چونكە نرخەكەی بەرزە و دەگاتە ٥٠٠ دۆلار و لە بنەڕەتەوە یەكێكە لە دەرمانە گرانبەهاكات، ”ئەگەر لە دەرمانخانەكانیشدا هەبێت، زۆر كەمە، چونكە تەنیا بۆ نەخۆشیی رۆماتیزم بەكار دێت و نرخەكەی بەرزە“. گوتیشی: ”وهزارەتى ته‌ندروستى به‌رپرسه له دانانى نرخى ده‌رمان. خۆمان پێمان باش نییە ئه‌و ده‌رمانانه له ده‌رمانخانه‌كانى ئێمه هه‌بێت كه زۆر گرانن، چونكە ساخ نابنەوە، دەرمانخانەكانی ئێمە ئەوانەن كە ئێواران كار دەكەن“.
باسیشی لەوە كرد كە هەر جۆرە دەرمانێك بۆ نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان یان شێرپەنجە بەكار بێت، دەبێت لەژێر چاودێریی پزیشكی پسپۆڕ بێت و خۆى چاودێریی نه‌خۆشه‌كه بكات. گوتیشی: ”هیچ ده‌رمانسازێك مافى ئه‌وه‌ى نییه ئه‌و ده‌رمانه بفرۆشێت“.
لە لایەن خۆیەوە دكتۆر باساك به‌رزنجى، نه‌قیبى پزیشكانى كوردستان هاووڵاتییانی ئاگادار كردەوە كە بەبێ راوێژ و ڕێنوێنیی پزیشك، ”نابێت لە خۆیانەوە هیچ جۆرە دەرزی و دەرمانێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بەكار بهێنن، هیچ پزیشكێكیش دەرمانێك نانووسێت كە متمانەی كۆنتڕۆڵی بەدەست نەهێنابێت“.
لە لایەن خۆیەوە محه‌مه‌د قادر خۆشناو، گوتەبێژی وه‌زارتى ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یاند: ”ئه‌و ده‌رزییه له‌سه‌ر كۆئه‌ندامى به‌رگریی لەش كار ده‌كات، به‌ڵام ده‌رزییه‌كى زۆر به‌هێزە و به‌كارهێنانى ته‌نها ده‌بێت له لایه‌ن پزیشكى پسپۆڕەوە بێت و نابێت هه‌موو كه‌سێك به‌كارى بهێنت“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەنیا له چه‌ند حاڵه‌تێكى دیاریكراودا، ئەو دەرزییە له تووشبووانی كۆرۆنا ده‌درێت، ”به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى بارودۆخیان خراپه و به‌ره‌و خراپتر دەڕۆن“.
لە بارەی دابینكردنی ئەم جۆرە دەرزییە بۆ نەخۆشخانەكان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رای گەیاند: ”له به‌شێك له نه‌خۆشخانه‌كانى تایبه‌ت به كۆرۆنا، هه‌وڵدراوه ئەم جۆرە دەرزییە دابین بكرێت، هه‌ندێك جاریش ده‌گاته ئه‌و حاڵه‌تەی كە هاووڵاتى خۆى دابینى بكات، بەڵام ئه‌م ده‌رزییه یه‌كێكه له‌م جۆرە ده‌رزییانه‌ى كە له لایه‌ن وه‌زاره‌تى تەندروستیی عێراقه‌وه بۆمان دابین ده‌كرێت, له هه‌رێمى كوردستانیش ئه‌گه‌ر له تواناى بەڕێوەبەرایەتییەكان هه‌بێت، دەتوانن بۆ نەخۆشانی تووشبووی كۆرۆنا بەكاری بهێنن“.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دووپاتی كردەوە كە ئەم جۆرە دەرزییە وەك چارەسەر لە نەخۆشخانەكاندا بۆ تووشبوانی كۆرۆنا بەكار هێندراوە، بەڵام ”لە هەموو حاڵەتێك نا، بەكارهێنانیشی بەبێ ڕێنوێنیی پزیشك مەترسیی گەورەی هەیە، چونكە كار لەسەر كۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ دەكات و لە دوا قۆناغەكاندا لە نەخۆش دەدرێت“.
محەمەد قادر خۆشناو ڕوونی كردەوە كە دەرزیی (Actemra) بۆ نەخۆشانی ڕۆماتیزم و وەك چارەسەرێكی كیمیاییش بەكار دەهێندرێت. بەپێویستیشی زانی، هەموو ئەو دەرمانانەی لە بازاڕ دان، ”مۆری كوالێتیی كۆنترۆڵیان پێوە بێت، هەر دەرزییەك مۆری پێوە نەبێت، با هاووڵاتیان گومانی ئەوەی لێبكەن كە قاچاخ و نایاسایی بێت و پشكنینی بۆ نەكرابێت، لەم حاڵەتەشدا نازاندرێت ماددەكانی نێو ئه‌و ده‌رزییه چییە“.
لەبارەی نرخی دەرزییەكەشەوە گوتی: ”نرخ كوالێتی كۆنتڕۆڵ دیارى ده‌كات، بەدەر لەو نرخەی دیاری دەكرێت، بە هه‌ر نرخێكیتر بفرۆشرێت، پێویسته لێژنەكان ئاگادار بكرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى سزایان بده‌ین، هه‌ر كه‌سێكیش ئه‌و ده‌رزییه له خۆیه‌وه به‌كار بهێننت، خۆى به‌رپرسه له هه‌ر حاڵه‌تێك كە به‌سه‌رى بێت، چونكه ده‌بێت ته‌نها لە نێو نه‌خۆشخانه‌كان بدرێت، تەنانەت لە نێو نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنیش ناتواندرێت ئەم جۆرە دەرزییە بەكار بهێندرێت، ئه‌مه ده‌رزییه‌كى ترسناكه“.
لە لایەكی دیكەوە زانا مه‌لا خالید، ئه‌ندامى لێژنەی تەندروستیی په‌رله‌مانى كوردستان ڕاگه‌یاند: ”هه‌ر جۆره چاره‌سه‌رێكی كۆرۆنا كه بۆ تووشبوان بەكار بهێندرێت، ده‌بێت له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییەوە پەسەند بكرێت و له‌ژێر چاودێریی پزیشكی پسپۆڕ بێت“.
بۆیە داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كرد، بە هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی كڕینی هیچ جۆره ده‌رمانێك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان نه‌ده‌ن و چارهسهرەوە پارە بە فیڕۆ نەدەن و نەشخەڵەتێن.
داواشی لە وەزارەتی تەندروستی كرد، ”ئه‌و كۆمپانیا و لایه‌نانه بخاته لیستی ره‌شه‌وه كه ده‌یانه‌وێ بازرگانی به گیانی هاووڵاتیان بكه‌ن و به پێی یاسا بەركارەكان له هه‌رێمی كوردستان، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات“.
شایەنی باسە تا ئێستا دیار نییە کام کۆمپانیا ئەم دەرمان دەهێنێتە کوردستان و بۆچی نرخی هێندە گرانە بە بەراورد بە وڵاتێکی وەکوو تورکیا.
باس‌نیوز
