مەسرور بارزانی سەرکۆنەی تیرۆرکردنی توێژەرەکەی بەغدا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 7-7-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، وێڕای سەرکۆنەکردنی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، سەرەخۆشی لە کەسوکاری کردووە و هیوای خواستووە ”ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە زووترین کات بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەن“.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6-7-2020، ژمارەیەک چەکدار، بە سواری دوو ماتۆڕسکیل، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی زەییونەی بەغدا تەقەیان لە هیشام هاشمی، پسپۆڕ و توێژەری ئەمنی و میلیشیا و گرووپە تیرۆریستییەکان کرد و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
هیشام هاشمی لە ساڵی 1973 لە بەغدا لەدایک بووە و لە ساڵی 1997ـەوە توێژینەوەی لەبارەی رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان دەکرد.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
تیرۆرکردنی شرۆڤەکاری سیاسی و کاروباری ئەمنیی عێراقی (هیشام هاشمی) بە تووندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و هاوکارانی دەکەم . هیوادارم ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە زووترین کات بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/7/7
باسنيوز
