بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لە پشكی یەكێتی لە پۆستەكەی دەست بەكار بوو

بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لە پشكی یەكێتی لە پۆستەكەی دەست بەكار بوو




ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی تەمووزی ٢٠٢٠، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەست بەكار بوون.



بە گوێرەی راگەیاندراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیوا چەتۆ ساڵح وەك بریکاری وەزیری ناوخو دەست بەكار بووە و رای گەیاندووە: ”لەم ئەرك و بەرپرسیارێتییەیدا بە هەموو توانایەك هەوڵی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان دەدات“.



ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ یەكشەممە سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، دوو كاندیدی گۆڕان وەك بریكاری وەزارەت لە پۆستەكانیاندا دەست بەكاربوون و ”لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا پشكی یەكێتی لە پۆستەكانی بریكاری وەزارەت پڕ دەكرێتەوە“.



هەر لەمبارەیەوە ماڵپەڕی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوی كردەوە كە بە ئامادەبوونی د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و دانا عەبدولكەریم، نوێنەری تیمی گۆڕان لە حكوومەت، هەریەك لە كامیل قەزاز وەك بریكاری وەزارەتی كارەبا و چالاك موهەندیس وەك بریكاری وەزارەتی شارەوانی لەسەر پشكی گۆڕان دەست بەكار بوون.



لە لایەن خۆیەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”بەڵێ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پشكی لایەنەكان پڕدەكرێتەوە“. بەڵام وردەكاریی زیاتری ئاشكرا نەكرد.





















باسنیوز
Top