هەڤاڵ ئەبوبەکر: بۆرییەکەی سلێمانی چاککرایەوە و سبەی ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی راگەیاند، دوای ئەوەی بۆرییەکە شکا، هەر ئەمڕۆ تیمی تەکنیکیی ئاوی سلێمانی دەستیان بە چاککردنەوەی بۆرییەکە کرد و ئەو شوێنانەیان بە شێوەیەکی کاتی چاککردەوە کە زیانی بەرکەوتووە و لە سبەینێوە کێشەی بێئاوی چارەسەر دەکرێت.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، دوای تەرخانکردنی بودجەی فریاگوزارییش کە لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە داوا لە حکومەت کراوە، بەشێوەیەکی هەمیشەیی چاکدەکرێتەوە.
پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 2020/07/05 بەهۆی کۆنی و رزیوییەوە یەکێک لە بۆرییەکانی ئاوگواستنەوە لەنێو پرۆژەی ئاوی سەرچنار شکا و زیانی بەهۆڵەکانی نێو پرۆژەکە و بەشی کارەباکەی و دەوروبەری گەیاند.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی راگەیاندبوو، بۆرییەکە بەهۆی رزیوی و کۆنییەوە شکاوە و زیانێکی زۆری بە پرۆژەکە گەیاندووە و چاوەڕێ دەکەن لە حەوت رۆژدا چاکی بکەینەوە. بەڵام بەر لەو وادەیە و دوای چەند کاژێرێک چاککرایەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی باسی لەوە کرد، "بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی داوای بڕی 50 بۆ 100 ملیۆن دینار دەکات بۆ ئەوەی بەخێرایی بۆرییەکە چاکبکەنەوە و پرۆژەکە وەگەڕ بخنەوە و ئێمەش داواکارین لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیەیان بۆ دابین بکات و هەروەها ئەو دەرماڵەیەی کارمەندان هەیانە پێیان بدات، چونکە ئەمڕۆ ئەگەر کارمەندان و ئەندازیارەکانی بەڕێوبەرایەتیی ئاو نەبوونایە کارەساتێکی گەورە روویدەدا".
بەهۆی شکانی ئەو بۆرییەوە نزیکەی 80 گەڕەکی سلێمانی تووشی بێئاوی بوون.
رووداو
