راوێژكارێكی بەرهەم ساڵح پاش دەست لەكاركێشانەوەی هیوای سەركەوتن بۆ تیمی كوردستان دەخوازێت
سالار مەحموود، راوێژكاری سەركۆماری عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە لە ١ی ١ی ٢٠١٩ تا ٣٠ی ٦ی ٢٠٢٠ لە پۆستەكەیدا بووە، بەڵام ”بە ویستی خۆم دەست لەكار كێشانەوەم پێشكەشی د. بەرهەم ساڵح كرد“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەرهەم ساڵح دەست لەكاركێشانەوەكەی قەبوڵ كردووە و هیوای سەركەوتنی بۆ تیمی كوردستان لە بەغدا و بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كوردستان خواست.
سالار مەحموود دەڵێت: ”هەموو لایەک ئاگادار دەکەمەوە کە لە رۆژی ۲٠۲٠/٦/۳٠ەوە لەو بەرپرسیارێتییە نەماوم“.
ئەو راوێژكارەی بەرهەم ساڵح لە كاتێكدا پاش دەست لەكاركێشانەوەی هیوای سەركەوتن بۆ تیمی كوردستان دەخوازێت كە تا لە پۆستەكەی دابوو، لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكاندا بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە گوایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان غەدر لە بەغدا دەكات.
سالار مەحموود بە كەسێكی نزیكی بەرهەم ساڵح ناسراوە و پێشتریش یەكێك بووە لەوانەی كە لە پاش كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا بە فەرمی رایگەیاندبوو، بۆ ئەندامێتیی سەركردایەتیی یەكێتی دەرچووە، كەچی ناوەكەی لە ڕیزی دەرچوواندا رانەگەیەندراوە.
باسنيوز
