سەرۆکی لێژنەی شەھیدان وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە
سەوسەن محەمەد میرخان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و سەرۆکی لێژنەی شەھیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند، سۆران عومەر بە داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی شکاندووە.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی پەرلەمانتاران، دەبێ سوێندی یاسایی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی، بخۆن.
سەوسەن میرخان هەروەها رایگەیاند، سۆران عومەر خۆی هیچ قوربانییەکی بۆ دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەداوە و پێوەی ماندوو نەبووە، بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.
سەرۆکی لێژنەی شەھیدان داوا لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات پێناسەیەک بۆ ئاسایشی نیشتمانی دابنێن، بۆ ئەوەی چیتر ”ئەو دەنگە ناشازانە“ نەتوانن بەناوی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانەوە بانگەواز بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن.
هەروەک سەوسەن میرخان رایگەیاند، سۆران و عومەر و هاوئاوازەکانی بۆ بەرژەوەندیی ناحەزانی کوردستان کار دەکەن و نایانەوێ کورد کیانی خۆی هەبێت، بەڵام ناگەن بەو خەونەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوببەن، چونکە ئەو قەوارەیە بەرهەمی سەدەیەک خەبات و قوربانیدانە.
میرخان ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی بەهێزە و مایەی ئومێدە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان.
باسنيوز
