وەزارەتی دارایی بڕیارێكى بۆ فه‌رمانبەران دەرکرد

وەزارەتی دارایی بڕیارێكى بۆ فه‌رمانبەران دەرکرد
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێكى بۆ ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران دەركرد.

بەپێی گشتاندنی ژمارە 9ی وەزارەتی دارایی کە لە 22ی 6ی 2020 دەرچووە ، ئاماژە بە بڕیارێک کراوە بۆ مۆڵەتی بەشێک لە فەرمانبەران.

پێشووتر لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی بەخێوکەری کەمئەندام، پێویست بوو فەرمانبەر ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ فەرمانگەکەی ببات، بەڵام ئەو مەرجە لادراوە و لە نووسراوەکەی دارایی هاتووە: "سەبارەت بەو فەمانبەرانەی مۆڵەتی چاودێری و بەخێوکەریان هەیە و مۆڵەتەکانیان تەواو دەبێ، ئەوە مۆڵەتەکانیان بۆ شه‌ش مانگی دیكه‌ دێژ بکرێتەوە بە بێ داواکردنی ڕاپۆرتی پزیشکیی نوێ".

وەزارەتی دارایی جەختی کردووه‌تەوە، داوانەکردنی ڕاپۆرتی پزیشکی بە لەبەرچاوگرتنی ڕێنوێنییه‌كانى خۆپارێزی له کۆرۆنا و کەمکردنەوەی بەریەککەوتنە.

لە ساڵانی پێشووتردا وەزارەتی دارایی ڕێنوێنییه‌كى دەرکربوو و مۆڵەتی دابوو بەو فەرمانبەرانەی کەمئەندامییان لە ماڵەوە هەیە و خۆیان تەرخان کردووە بۆ چاودێریکردنیان، پێشووتر لە پاڵ وه‌رگرتنی مۆڵەتەکە مووچەی تەواویان بۆ خەرج دەکرا، لەگەڵ پێدانی دەرماڵەیەکیش، بەڵام ئێستا تەنیها مووچەی تەواویان بۆ خەرج دەکرێ، ئەویش بەو مەرجەی خزمەتی کەمئەندامێک، یان دوان بکات.

بەپێی داتاکان ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر بەم هۆیەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە، شه‌ش مانگ جارێکیش مۆڵەتەکە تازە دەکرێتەوە، پێشووتر ساڵانە یەکجار تازە دەکرایەوە.










باسنيوز
Top